رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمشەو بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئاڵانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر.
رۆژی سێشەممە، 02ـی حوزیرانی 2026، ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو لە کاژێر 23:00 بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئاڵانە."
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: "ئەم هێرشە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆسەر بنکەکانی کۆمەڵە".
بە گوتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی هەبووە.
لەبارەی کۆی هێرشەکان، ئەمجەد حوسێن پەناهی دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستپێکی شەڕەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بە زیاتر لە 82 مووشەک و درۆن، بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەکەمانی کردووەتە ئامانج".




