رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، بڵاوکردنەوەی نمرەی قوتابی بە شێوەی لیست لە پەیج، ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر قوتابخانەیەک نمرە بڵاوی بکاتەوە، سزا دەدرێ".
رۆژی سێشەممە، 2-6-2026 پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان ئاگادار دەکەینەوە بڵاوکردنەوەی نمرەی قوتابیان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
بە گوتەی پەیمان خواجە، ئەو بڕیارە لەبەرئەوەیە کە نمرەی قوتابی نهێنییە و تەنیا بۆ قوتابییە بیزانێت؛ هەربۆیە نابێ قوتابخانە بڵاوی بکاتەوە.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "هەر قوتابخانەیەک ئەو کارە بکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێ".
بڕیارەکە لەمڕۆوە دەرچووە و هەژمار دەکرێ. پەیمان خواجە دووپاتی کردەوە هەر کەسێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، بەشی یاسایی وەزارەتی پەروەردە کاری یاسایی خۆی لەگەڵ دەکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی پێدانەوەی نمرەی قوتابیانی ناکۆتا، بەشێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، تایبەت ناحکومییەکان نمرەی قوتابیانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە هۆکاری ئەم بڕیارەن.




