رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی پرۆسەی حەج دەڵێ، دووەم حاجی لە سعودیە کۆچی دوایی کرد. حاجییەکە تەمەنی 70 ساڵ و خەڵکی قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بوو.
رۆژی سیشەممە، 02ـی حوزەیرانی 2026، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دووەم حاجی لە سعودیە بەناوی (یاسین رەجەب خەمۆ) رێکانی، تەمەن 70 ساڵ، دانیشتووی قەزای خەبات، لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد."
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج، ئەم حاجییە دوای تەواوکردنی فەریزەی حەج لە شاری مەککە، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کردووە.
وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەش سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کۆچکردوو کرد و رایگەیاند: "بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزانەکەی دەکەین و داواکارین لە خوای میهرەبان جێگەی ئەم حاجییە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووریش بە کەسوکاری بدات."
لەبارەی بەخاکسپاردنەکەیشی، رۆژگار جەعفەر ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە دوای تەواوکردنی رێکارەکان و ئەنجامدانی نوێژ، تەرمەکەی هەر لە مەککە بەخاک بسپێردرێ.
ئەمە دووەم حاجیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لە وەرزی حەجی ئەم ساڵ لە سعودیە گیان لەدەست دەدات.
رۆژی 01ـی حوزەیرانی 2026، رۆژگار جەعفەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (حاجی ئەحمەد محەممەد سەعید نووری بریفکانی) کە لەدایکبووی ساڵی 1945 و خەڵکی پارێزگای دهۆک بوو، لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد".
بڕیارە رۆژی 04-06-2026، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 27 حاجییە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگەڕێنەوە.




