رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو 70 ملیار دینارە پێکبهێندرێ کە مانگی رابردوو وەک کورتهێنان لە شایستە داراییەکانی مووچەی هەرێمی کوردستان هەبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە (2ی حوزەیرانی 2026)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا؛ وەزیرانی کورد، بەتایبەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و خالید شوانی، وەزیری داد داوایان لە سەرۆکوەزیران کردووە ئەو 70 ملیار دینارە بنێرێ کە مانگی رابردوو بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردرابوو.
فوئاد حوسێن لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستووەتە سەر خراپیی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە: "850 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کارناکەن و داهاتی نانەوتییش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش دۆخێکی ئابووریی سەختی دروستکردووە."
دوای گفتوگۆکردنی داواکاریی وەزیرە کوردەکان و خستنەڕووی ئاستەنگە داراییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان، عەلی فالح زەیدی بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ وردبینی و چارەسەرکردنی پرسی ئەو 70 ملیار دینارە پێکبهێندرێ.
مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 70 ملیار دینار کەمتر لەو بڕە پارەیەی نارد کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێویست بوو.


