رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کارەکانیان بۆ رێکخستنی سۆشیاڵ میدیا گەیاندووەتە قۆناخی کۆتایی. پۆلیسی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، پێویستە هۆشداریی ئەلکترۆنی بکرێتە یەکێک لە وانەکانی قوتابخانە.
ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستە یاسایەک بۆ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا هەبێت. رەشنووسێکمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئامادە کردووە و دوای کارابوونەوەی پەرلەمان پێشکێشی دەکەین تاوەکو سنوورێک بۆ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا هەبێت و سزا بۆ خراپ بەکارهێنەرانی دیاری بکرێت."
بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەزموونی وڵاتانی جیهان کردووە بۆ ئەوەی بزانن ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت تیکتۆک دەکەن، تاوەکو یاساکەی هەرێمی کوردستان هاوتای پێوەرە جیهانییەکان بێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی لەسەر منداڵان
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی راگەیاند: "سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەتی تیکتۆک مەترسییەکی گەورەی لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە. ئێستا بە ژیریی دەستکرد، چەندین ڤیدیۆی نەشیاو دروست دەکرێن کە لەگەڵ بەهاکانمان ناگونجێن؛ بۆیە پێویستە یان ئەو ئەپە دابخرێ یان سنووردار بکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کار هۆشداری دەدات، "تیکتۆک بووەتە شوێنێک بۆ پەیداکردنی پارە و رۆژ دوای رۆژ بەکارهێنەری زیاتر دەبن کە بەشێکی زۆریان منداڵن".
ئاریان ئەحمەد داوا دەکات سانسۆر بخرێتە سەر ڤیدیۆکان و سزای پێبژاردنی تووند دابنرێ.
"4 ملیۆن بەکارهێنەر لە سەرانسەری عێراق هەن"
عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ ئەوەداین سنوورێک دابنرێ بۆ خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئێستا هەیە، بەتایبەتی تیکتۆک."
عەقید سەفین باسی لەوەکرد، لە چەند مانگی رابردوودا بە هاوئاهەنگی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، کار لەسەر هەموارکردنی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکان کراوە و گوتی: "پڕۆژەیاسایەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان رەوانە بکرێ بۆ ئەوەی بتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن و دەست بۆ هەموو کەلێنەکان بردراوە".
عەقید سەفین باسی لەوە کرد: "تیکتۆک کاریگەریی خراپی هەیە و بەپێی دوایین ئامار، زیاتر لە 4 ملیۆن کەس لە کوردستان و عێراق تیکتۆک بەکاردەهێنن، کە لە پلەی یەکەم دێت لەنێو هەموو ئەپلیکەیشنەکان. زۆر جار ئەو ڤیدیۆیانەی لە تیکتۆک بڵاودەکرێنەوە، دەبنەهۆی دروستبوونی کێشە و تووندوتیژی لەنێو ئەندامانی خێزان."
عەقید سەفین گوتی: "لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، ئاسایشی هەولێر و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی، بەشی تایبەتمان کردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کارێکی خراپ لە رێگەی ئەو تۆڕانەوە دەکەن رێکاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر و بە شێوازێک سزا بدرێن کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە سەر ئەو تاوانە."
پۆلیسی هەرێمی کوردستان: پێویستە هۆشداری ئەلکترۆنی بکرێتە یەکێک لە وانەکانی قوتابخانە
پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێ، یاسا کۆنەکان کێشەیان هەیە. کارزان ئەمیر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "یاسای ژمارە 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنمان هەیە، بەڵام دەبێت هەموار بکرێتەوە، چونکە سۆشیاڵ میدیا بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە و گەورەترین کێشەی ئێستا ژیری دەستکردە".
گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ، سکاڵایەکی زۆریان بۆ دەچێت لەسەر "ناپاکی هاوژینی کە بەشێکی لە رێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە دەکرێ، هەروەها هەڕەشە، بڵاوکردنەوەی وێنە و دروستکردنی وێنە بە ئەی ئای".
کارزان ئەمیر پێشنیاز دەکات کە بۆ چارەسەری بنەڕەتی، بابەتی رۆشنبیریی بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا لە پۆلی 1ـی سەرەتاییەوە بکرێتە وانە لە قوتابخانەکان، تاوەکو نەوەیەکی وشیار پەروەردە بکرێت.
چاوەکان لەسەر کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستانن تاوەکو ئەو پڕۆژانەی ئامادە کراون یەک بخرێن و بکرێنە یاسا.



