رووداو دیجیتاڵ
26 هاووڵاتی ئەفغانستان، کە لە نێو بارهەڵگرێکدا خۆیان شاردبووەوە و بە نیاز بوون بچنە بەغدا، لە شاری کەرکووک لەلایەن پۆلیسی شارەکە دەستگیر کران.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، عامر نووری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 26 کەسە لەلایەن هێزەکانی بنکەی پۆلیسی ئازادی لە کەرکووک دەستگیرکران.
بە گوتەی عامر نووری، ئەو ئەفغانیانە بەشێوەیەکی نایاسایی لە سلێمانییەوە دزەیان کردبووە نێو کەرکووک و بەنیاز بوون لەوێوە بچنە بەغدا.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک گوتی، "ئەو کەسانە لە ناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و لە ژێر باری چیمەنتۆدا خۆیان شاردبووەوە. دوای دەستگیرکردنیان، سەرجەمیان بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران".
عامر نووری رایگەیاند، بەگوێرەی مادەی 39ی یاسای نیشتەجێبوون مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەیان دەکرێت و لەلایەن دادگەوە سزای زیندانیکردن مانگێک بۆ دوو مانگیان بەسەردا دەسەپێندرێت، دواتر دیپۆرت دەکرێنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
