رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان روویان لە کڕینی ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی کردووە. بەکارهێنەرانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەڵێن، خەرجییەکانیان بۆ زیاتر لە نیوە کەمبووەتەوە و بازرگانانی ئۆتۆمبێلیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا فرۆشی ئۆتۆمبێلی بەنزین پاشەکشەی کردووە.
سەفوان لوقمان، یەکێکە لەو کەسانەی ماوەی مانگێکە ئۆتۆمبێلێکی نوێی (هایبرید)ی کڕیوە، کە بە هەردوو سیستەمی کارەبا و بەنزین کار دەکات. ئەو دەڵێت پێشتر هەفتانە نزیکەی 150 هەزار دیناری تەنیا بۆ تێکردنی بەنزین خەرج دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو خەرجییەی بۆ 50 هەزار دینار کەمبووەتەوە.
سەفوان سەبارەت بە سوودەکانی ئەو سیستەمە نوێیە دەڵێت: "یەکجار تانکییەکە فۆل دەکەیت، بەشی دوو هەفتە دەکات و دەتوانیت 1200 کیلۆمەتری پێ ببڕیت. زۆربەی کات بە کارەبا دەڕۆم، تەنانەت کاتێک گلۆپی بەنزینەکەش دادەگیرسێت، هێشتا دەتوانم دوو رۆژی دیکە بەو ئۆتۆمبێلە هاتوچۆ بکەم."
گۆڕانکاری لە بازاڕی ئۆتۆمبێلدا زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی، کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر بازاڕ و پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل. بەشێک لە بازرگانان دەستبەرداری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کلاسیک (بەنزین) بوون و تەنیا کار لەسەر جۆرە نوێیەکان دەکەن.
گەیڵان داود، بازرگانی ئۆتۆمبێل، دەڵێت: "ماوەی دوو مانگە بەتەواوی دەستمان بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی لە جۆرە چینییەکان کردووە. وازمان لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی و بەنزین هێناوە، چونکە ئێستا فرۆشیان زۆر کەمبووەتەوە و خەڵک داوای سیستەمی نوێ دەکات."
ئامادەکاری بۆ پشکنینی ساڵانە هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی بۆ پشکنینی ساڵانەیان دەرکردووە. ناوەندەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل (PVI) خەریکی دابینکردنی ئامێری نوێ و راهێنانی کارمەندەکانیانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە.
تارق زیاد، بەڕێوەبەری مەشق و راهێنان لە کۆمپانیای PVI دەڵێت: "رۆژ بە رۆژ ئۆتۆمبێلی نوێ دەردەچێت و دەبێت ئێمەش ئامێری گونجاوی بۆ دابین بکەین. هەموو کارمەندەکانمان رادەهێنین تاوەکو شارەزایی تەواویان لەسەر هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل هەبێت."
لە هەرێمی کوردستان ئێستا چوار جۆر سیستەمی جووڵە لە ئۆتۆمبێلەکاندا هەن کە بریتین لە: (کارەبایی، هایبرید، بەنزین و گازی شل - LPG)، هەر یەکێک لەم جۆرانەش بەپێی سیستەمەکەی پشکنینی ساڵانەی بۆ ئەنجام دەدرێت.


