رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری قامشلۆ، منداڵێکی ساوای کچ تەمەنی چەند رۆژێک دەبێت، لەلایەن خێزانەکەیەوە فڕێدرا. منداڵەکە کە ئێستا ناوی نراوە "پەمبە"، لە کاتی فڕێدانیدا لەلایەن جرج و مشکەوە بەشێکی نێوچەوانی خوراوە.
دکتۆر مووسا داود، ئەو پزیشکەی سەرپەرشتی دۆخی تەندروستیی منداڵەکە دەکات، دەڵێت: "کاتێک منداڵەکە گەیێندرایە لای ئێمە، شوێنی گەستنی جرج بە جەستەیەوە دیار بوو. وادیارە سەرەتا ویستوویانە قاچی بخۆن، بەڵام بەهۆی ئەوەی منداڵەکە قاچی جوڵاندووە، جرجەکان چوونەتە سەر نێوچەوانی و بەشێکیان خواردووە."
ئەو پزیشکە هۆشداریش دەدات کە برینی سەر نێوچەوانی منداڵەکە قووڵ و گەورەیە، دەڵێت:"مەترسی لەسەر ژیانی هەیە ئەگەر ئەو برینە بە زوویی چارەسەر نەکرێت و دانەخرێت."
دانیشتووانی ئەو گەڕەکەی منداڵەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، زۆر نیگەرانن. بەرزان عوسمان، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کە لە کاتی دۆزینەوەی منداڵەکە لەوێ بووە، دەڵێت: "لەو کاتەوەی ئەو دیمەنەمان بینیوە، نەمانتوانیوە نان بخۆین، چونکە ئەم منداڵانە فریشتەیە. خەڵک هەیە دەفتەرە دۆلار دەدات بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی منداڵێک، کەچی ئەمانە ئەم بەخششی خودایە فڕێ دەدەن."
ئێستا کچە ساواکە لەژێر چاودێریی نووسینگەی پاراستنی منداڵان و دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە. بە گوتەی بەرپرسانی ئەو ناوەندە، سەرەڕای ئەو برینە قووڵەی سەری، پەمبە منداڵێکی زۆر چالاکە و جوڵەی لە هەموو منداڵەکانی دیکەی ناو دایەنگەکە زیاترە، بەڵام شوێنەواری ئەو برینەی بەسەر نێوچەوانیەوە ماوە، وەکو نیشانەیەکی غەدر لێکردنی لێ هاتووە.
.jpeg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
