رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاماری ئێران نوێترین داتای سەبارەت بە رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکە بڵاو کردووەتەوە؛ بەگوێرەی ئامارەکە، تێکرای هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە 83.9% و ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە؛ لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 100%.
بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لەو وڵاتە لە مانگی ئایاردا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە 83.9%. ئەم رێژەیەش بە واتای بەردەوامیی گوشاری ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان دێت.
وردەکارییەکانی راپۆرتە نوێیەکەی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخەن کە باری قورسیی هەڵاوسان لە هەموو پارێزگاکاندا بە یەکسانی دابەش نەبووە و هەندێک لە پارێزگاکان بەراورد بە تێکڕای رێژەکە، رووبەڕووی دۆخێکی زۆر قورستر بوونەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەنێو پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەدا، نرخی خۆراک زۆرترین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە تێکڕا 129.8% بەرزبووەتەوە.
هاوکات لەنێو گرووپی خۆراکیشدا نرخی رۆنی شل 266.9% بەرزبووەتەوە، گۆشتی سوور و مریشک 168.7٪ گران بوون و نرخی شیر، پەنیر و هێلکەش بە 161.1% بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە.
هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان:
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە مانگی ئایاردا 24 پارێزگا لە ئێران هەڵاوسانێکی بەرزتریان لە 83.9% تۆمار کردووە. لە بەرامبەردا، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە پارێزگاکان هەڵاوسانێکی کەمتریان لە تێکڕای وڵاتەکە هەبووە، لەنێویاندا تاران بە تۆمارکردنی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی 69.5%.
ئەم جیاوازییە بەرچاوەی رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە تارانی پایتەخت، زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی ئیلام دەردەکەوێت.
لە راپۆرتەکەی ناوەندی ئاماری ئێراندا هاتووە، لەنێو پارێزگاکاندا، ئیلام بە تۆمارکردنی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی 105.9%، بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان لە پلەی یەکەمی سەر ئاستی ئێران دێت.
دوای ئیلام، پارێزگاکانی سنە بە 105.1%، کرماشان بە 101.2% و لوڕستانیش بە 103.7% بەرزترین ئاستی هەڵاوسانیان تێدا تۆمار کراوە.
هەرچی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەڵاوسانی 99.1%ـی تێدا تۆمار کراوە. بە واتایەکی دیکە خێزانەکانی دانیشتووی ئەم پارێزگایانە، بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، بە تێکڕا رووبەڕووی بەرزبوونەوەی زیاتر لە دوو هێندەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بوونەتەوە.
نرخی هەندێک خۆراک لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 400% بەرزبووەتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە چەند شاری پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی کەوتوون، لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوبات لەنێوان ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد، نرخی بەشێک لە خۆراکە سەرەکییەکان لەو پارێزگایانە، 400% بەرزبووەتەوە.
لەنێویاندا نرخی تەنەکەیەکی 16 کیلۆیی رۆن کە پێش جەنگ یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەن بوو، ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی هەشت ملیۆن تمەن. رووداو زانیویەتی نرخی ئەو کاڵا خۆراکییە لە شارە گەورەکانی وەک تاران و مەشهەد کەمترە و نزیکەی شەش ملیۆن تمەنە.
گۆشتی سوور کە پێش جەنگ بە 700 هەزار تمەن بوو، ئێستا نرخەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە بۆ یەک ملیۆن و 700 هەزار تمەن؛ بەڵام نرخی ئەو کاڵایەش لە تاران یەک ملیۆن و 300 هەزار بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەنە.
''مووچەی پەرستاران بەشی خەرجییە سەرەتاییەکانیان ناکات''
شارەزایانی ئابووری پێیانوایە، تەنانەت ئەم کەمترین رێژەی تۆمارکراوی هەڵاوسانەش لە تاران، لە ئاستێکی بەرزدایە و بۆ دابینکردنی بژێوی، گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر خەڵک.
یوسف رەحیمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیستمی پەرستاریی ئێران رایگەیاند، ئەو مووچەیەی ئێستا پەرستاران وەریدەگرن، تەنانەت بەشی خەرجییە سەرەتاییەکانی ژیانیان لە تاران ناکات.
یوسف رەحیمی داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات، دەرماڵەیەکی تایبەت، بە ''رەچاوکردنی پلەبەندی" بۆ پەرستاران ببڕدرێتەوە، بۆ ئەوەی لانیکەم بتوانن خەرجییە سەرەتاییەکانی ژیان دابین بکەن.
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی باڵای سیستمی پەرستاریی ئێران گوتیشی، تێکڕای مووچەی مانگانەی پەرستار لە ئێران 25 ملیۆن بۆ 30 ملیۆن تمەنە، ''ئەگەر دۆخی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمیی مووچەیان بەوشێوەیە بەردەوام بێت، دەرچوونی هێزی کاری پەرستاری لە نەخۆشخانەکان زیاتر دەبێت.''
''گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکانن''
بەرپرسانی ئێرانی گەمارۆ دەرەاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەیان بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و نرخی کاڵا سەرەکییەکان دەزانن و، بەردەوام هەوڵدەدەن رێکاری نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ بەکاربهێنن.
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران گەمارۆ دەریاییەکە بە ''دزیی دەریایی'' ناو دەبات و دەڵێت، ئەو گەمارۆیە کاریگەری لەسەر خستنەڕووی کاڵا و بەرزبوونەوەی نرخەکان هەیە.
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی ئێران، وڵاتەکە تەنیا ساڵانی 1942-1943 و لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا هەڵاوسانی لەوشێوەیەی بینیوە.
کاتێک بەریتانیا و سۆڤیەت هێرشیانکردە سەر ئێران و دەستیان بەسەر هێڵی ئاسنینەکەیدا گرت، دابینکردنی خۆراک پەکخرا و هەڵاوسان بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 100%.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 80 ساڵ بەسەر ئەو قەیرانەدا، جارێکی دیکە سێبەری جەنگ و گەمارۆکان، ئابووریی ئێرانیان خستووەتەوە سەر لێواری هەمان داڕمانی مێژوویی.

.jpeg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
