رووداو دیجیتاڵ
ماوەی مانگێکە بازاڕێکی نوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دروستبووە، ئەویش هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلە لە سلێمانییەوە بۆ شارە جیاوازەکانی ئێران. ئەم مامەڵە نوێیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو راگیراوە، بازرگانانی ئێران روویان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل.
عەلی شۆرچە، وەکیلی کڕیارانی ئۆتۆمبێل لەبارەی ئەم جووڵە بازرگانییە نوێیەوە دەڵێت: "ئەم ئۆتۆمبێلانە دەبەین بۆ ناوچە ئازادەکانی ئێران و شارەکانی دیکە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئێستا ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانیی "ئۆتۆمبێلی" لەگەڵ دەرەوە نەماوە."
نرخەکان بەرزبوونەتەوە
ئەم خواستە زۆرەی ئێرانییەکان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەبووە. بەپێی گوتەی بازرگانان، نرخی ئۆتۆمبێلی چینی بە تێکڕا هەزار دۆلار و ئۆتۆمبێلی یابانیش لە نێوان سێ بۆ چوار هەزار دۆلار گرانتر بوون.
محەممەد شکار، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکات "ئێرانییەکان زیاتر حەزیان لە ئۆتۆمبێلی چینی و کۆرییە، وەک براندەکانی (MG، BYD و جیتۆر)، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا لاندکروزەر."
بازرگانانی ئۆتۆمبێل باس لەوە دەکەن کە هەندێک جار ناتوانن وەڵامی هەموو ئەو داواکارییە زۆرانە بدەنەوە کە لە لایەن بازرگانانی ئێرانییەوە ئاراستەیان دەکرێت.
رێباز ئەبوبەکر، خاوەنی کۆمپانیایەکی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەڵێت: "ئێرانییەکان داوای ئۆتۆمبێلێکی زۆر دەکەن و هەندێک جار پێمان دابین ناکرێت. لەم چەند رۆژەدا بازرگانەک داوای زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی کرد، لە سلێمانی و هەولێر ئینجا توانیمان بۆی ئامادە بکەین."
باج و رێکارە گومرگییەکان
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان و باج، فەرمانگەکانی گومرگی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل (چ نوێ بێت یان بەکارهاتوو) باج وەردەگرن. ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە کارەبایی بێت، بە رێژەی 17%ی نرخی ئۆتۆمبێلەکە باج وەردەگیرێت، بۆ ئۆتۆمبێلی ئاساییش (بەنزین) رێژەی باجەکە 2%ـە.
حکومەتی ئێران رێگەی داوە هاووڵاتییانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هاوردە دەکرێن بەکاریبهێنن، بەڵام ساڵانە بڕێک باجیان لێ وەردەگرێت.


