رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی گرتەڤیدیۆیەکی عەلی حەمەساڵحدا راگەیاند، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 70% کەمی کردووە و ئەو داتایانەی ئەو بڵاوی کردوونەتەوە "هیچ بنەمایەکیان نییە."
ئەم وەڵامەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە هات، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ئابووری لە رۆژی 2-6-2026، لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتیی هەرێم کرد و رایگەیاند کە "لە خراپترین دۆخیدایە" و دەڵێت: "ئەوەی کێشەی بۆ داهاتی نانەوتیی ئێمە دروست کردووە، حکومەتی فیدراڵ خۆیەتی."
دوای هەڤپەیڤینەکەی رووداو، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا وەڵامی وەزیری دارایی دایەوە و رایگەیاند: "بە داتا وەڵامی وەزیری دارایی دەدەمەوە کە دەڵێت ئێستا مانگانە داهاتمان نزیکەی 100 ملیار دینارە. بۆ؟".
عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "بە دیکۆمێنتی خۆتان کە داوتانە بە عێراق، لای منیش هەیە کە داهاتی مانگانە نزیکەی 400 ملیار دینارە؛ ئیدی لە گەندەڵ و قاچاخیش گەڕێ، 400 ملیار بە سافی ماوەتەوە، مەعقوولە 75٪ کەمی کردبێت؟ لەوەش گەڕێ تەنیا داهاتی خاڵە سنوورییەکان نزیکەی 140 ملیار دینار بووە، ئێستا مەعقوولە بە هەموویەوە نزیکەی 40 ملیار دینار بێت؟ تەنیا داهاتی هاتووچۆ (مرور) نەک هەموو وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەی لای منە لە 11 مانگی پاردا 600 ملیار دینار بووە، کە مانگانە دەکاتە 55 ملیار دینار، کارەباش نزیکەی 90 ملیار دینار بووە."
لە بەرامبەردا، رۆژی پێنجشەممە، 04ـی حوزیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و وەڵامی عەلی حەمە ساڵحی لە بارەی 400 ملیار دینارەکە داوەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کاتێک وەزارەت ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە؛ داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات؛ جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین بێ زەحمەت ئەم 400 ملیارەت لەکوێ هێناوە؟"
سەبارەت بە داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش، بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری دەڵێت: "داهاتی خاڵەسنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی دیکە بەردەوام لەگۆڕاندایە، تیمی هاوبەشی عێراق و هەرێم خۆیان لە دەروازەکان وردبینی دەکەن".

وەزارەت سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە کە ئەو پەرلەمانتارانە ئاگاداری دۆخ و ئابڵوقەی سەر هەرێمی کوردستان نین و دەڵێت: "شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان داناوە، راستییەکەش ئەوەیە کە بەپێی داتاکان بەنزیکەیی 70%ـی داهاتی ناوخۆ کەمبووەتەوە".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی دارایی تیشک دەخاتە سەر داهاتی وەزارەتەکانی دیکە و روونی دەکاتەوە:
داهاتی هاتووچۆ: بەپێی یاسا و رێنماییەکان، وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێکی دیکە بەشێک لە داهاتەکانیان بۆ پێداویستییەکانی خۆیان بەکاردەهێننەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە.
داهاتی کارەبا: ئەو 90 ملیار دینارەی باسی لێوە دەکرێت، بەشێکی قەرزی لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانە، بەشێکی دیکەشی تەنیا "چەک و مەقاسەیە" لەنێوان فەرمانگە حکومییەکاندا و پارەی کاش (نەختینە) نییە. هەروەها بەشێکی راستەوخۆ بۆ چاککردنەوەی وێستگەکان و تۆڕەکانی کارەبا خەرج دەکرێتەوە.



