رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە دوو مانگدا هەناردەی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە گەیشتووەتە 108 ملیۆن دۆلار. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2026، فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە 298 هەزار تۆن کاڵا و شتومەک، کە بایی زیاتر لە 108 ملیۆن دۆلارە لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە." فەرامەرز ئومێدی گوتی: "بەراورد بە هەمان ماوی ساڵی پار هەناردە کردنی کاڵا لە سنوورەکانی ئەو پارێزگایە دوو ملیۆن دۆلار زیادی کردووە." بە گوتەی فەرامەرز ئومێدی، لە ماوی ئەو دوو مانگەدا 25 هەزار تۆن کاڵا و شتومەک کە بایی زیاتر لە 28 ملیۆن دۆلار بووە لە سنوورەکانی پارێزگاکە هاوردە کراوە ئەو بڕە بەراورد بە پار 29٪ زیادی کردووە. فەرامەرز ئومێدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی هاوردە کراون بریتین لە برنج، مۆز، ئەلەمینیۆم. کەرەستەی سەرەتایی بەرهەمهێنان و لە وڵاتانی عێراق، ئیمارات، چین تورکیا، ڤێتنام، هۆڵەند و پاکستان هاوردە کراون. فەرامەرز ئومێدی گوتیشی، ئەو کەلوپەلانەی کە هەناردە کراون بریتین لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئامێرەکانی کشتوکاڵی، مریشکی بەستوو، هێلکە، کتێب و شیری وشکی منداڵ، کە زیاتر بۆ عێراق، ئەفغانستان، سووریا، تورکیا و رووسیا هەناردە کراون. پارێزگای سنە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن، لەنێوان هەردوولادا کراوەن.