رووداو دیجیتاڵ مەسررو بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیاری نەکراوە و "دەبێت کار بە ئەنجامی هەڵبژاردن بکەین". مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، مووچە و هەناردەکردنی نەوت قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. پێکهێنانی حکومەت مەسرور بارزانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئاماژەی بەوە دا، "قسەی نابەرپرسانە دەردی ئەم خەڵکە چارەسەر ناکات، و تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنمان وەکو خۆمان جێبەجێ نەکردووە". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای کرد لایەنە سیاسییەکان کار بە ئەنجامی هەڵبژاردن بکەن و بە دەم بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بچن. پرسی مووچە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەسەربوونی پرسی مووچە رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، نابێت پرسی مووچە تێکەڵی بابەتەکانی دیکە بکرێت. مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەیش کرد، "حکومەتی فیدراڵی پابەندی خۆی بە تێکەڵنەکردنی مووچە لەگەڵ پرسەکانی دیکە دووپاتکردووەتەوە و هیوادارین بەرەو باشتر بچێت". هەناردەکردنی نەوت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، دەیانەوێت لە هەناردەکردنی نەوت یارمەتی عێراق بدەن و بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن. سەردانەکەی بۆ بەغدا و شاندی هەرێم مەسرور بارزانی دەڵێت، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا جەختی لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. شاندی هەرێمی کوردستان کە دوێنێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، پرسی مووچە و نەوتیان تاوتوێکردووە. دۆخی کارەبا مەسرور بارزانی دەڵێت، هەرێمی کوردستان ئێستا لە رووی بەرهەمهێنانی کارەباوە لە قۆناخێکی دیکەدایە و ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێ دوو هەزار مێگاوات بۆ پارێزگاکانی عێراق بنێرێت.
کوردستان04-06-2026سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی تورکیا جەخت لە گرنگی بەردەوامی هاوئاهەنگی دەکەنەوە