رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر جیاوازی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا دەکرێت و گرنگیی کەمتر بە قەزای کۆیە دراوە، پارێزگاری هەولێر ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بە هیچ جۆرێک جیاوازیمان لە نێوان قەزاکان نەکردووە، کۆیە بەپێی بەرکەوتی خۆی پڕۆژەی بۆ کراوە"، دەشڵێت: دەمانەوێت خزمەتی زیاتری ئەو شارۆچکەیە بکەین.''
رۆژی چوارشەممە، 3/6/2026 عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا ئاماژەی بەوە کرد لە دابەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا لە سنووری پارێزگای هەولێر: "کەمتر ئاوڕ لە قەزای کۆیە دراوەتەوە."
رۆژی پێنج شەممە 4/6/2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وەڵامی ئەو قسانەی عەباس فەتاحی دایەوە و بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی کاک عەباس باسی دەکات، من هەستی پێدەکەم، بەڵام هۆکارەکەی چییە؟ ئێمە بە داهاتی ناوخۆیی خۆمان دەستمان بە پڕۆژەکان کردووەتەوە، چونکە داهاتمان بە دروستی کۆکردووەتەوە، تاوانی ئێمە نییە ئەگەر لە پارێزگایەکی دیکە داهات کۆنەکرابێتەوە و پڕۆژەی پێ نەکرابێ."
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە بنەمای سەرەکیی دابەشکردنی پڕۆژەکان "ژمارەی دانیشتووانە، ئێمە نەک جیاوازیمان نەکردووە، بەڵکو رەنگە بۆ کۆیە زیاتریش کرابێت، من سوپاسی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و یەکە کارگێڕییەکانی کۆیە دەکەم بەردەوام لە خەمی کێشە و داواکارییەکانی خەڵکدا بوون."
ئومێد خۆشناو نموونە بە چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە سنووری قەزای کۆیە دێنێتەوە و دەڵێت: "پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- کۆیە کە زیاتر لە 700 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و کێشەیەکی نزیکەی 20 ساڵەی چارەسەر کراوە، ئێستا بەخێرایی کاری تێدا دەکرێت،رەزامەندیش دراوە لەسەر پڕۆژەی ئاوی کۆیە بە گوژمەی 112 ملیار دینار، سایلۆی کۆیەش لە قۆناخی جێبەجێکردندایە."
سەبارەت بە رەخنەی عەباس فەتاح لەسەر شەقامی (مام جەلال) لە کۆیە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "شەقامەکە کێشەی هەبووە، ئەو شەقامە زیاتر لە 15 ساڵ بوو گرفتی بۆ خەڵکی کۆیە دروستکردبوو. ئێمە بە رەزامەندیی سەرۆکی حکومەت بە بڕی نزیکەی 6 ملیار دینار دەستمان پێکردەوە، بەڵام بەداخەوە دواتر بابەتەکە بە ئاراستەیەکی نادروستدا برا و ئێستاش کەموکوڕی هەیە. دڵنیایی دەدەین کەموکوڕییەکانیشی چارەسەر دەکەین."
ئومێد خۆشناو دڵنیایی دەداتە خەڵکی کۆیە و دەڵێت: "بە هیچ جۆرێک جیاوازی ناکرێت، بەپێچەوانەوە، کۆیە بەشێکە لە شانازییەکانی مێژووی ئێمە و لە هەموو روویەکەوە گرنگیی پێدەدرێت."


