رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو منداڵیش بریندار بوون.
رووداوەکە درەنگی شەوی رابردوو چواری حوزەیرانی 2026، لە نزیک گوندی چەلتەک لە ناوەندی شاری سێواز روویدا.
ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری بچووک و ئۆتۆمبێلێکی دیکە پێکیاندادا و بەو هۆیەوە شۆفێری هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بە ناوەکانی موسا باڵ ـی تەمەن 54 ساڵ و ئۆزکان شاهینکایا ـی تەمەن 42 ساڵ لەگەڵ ئایشە شاهینکایا ـی هاوژینی کە تەمەنی 45 ساڵ بوو، گیانیان لەدەستدا. هەروەها منداڵەکانیان بە ناوەکانی مەروە شاهینکایا ـی تەمەن 12 ساڵ و بوسە شاهینکایا ـی تەمەن 16 ساڵ برینداربوون.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی جەندرمە، تەندروستی و ئافاد رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی زانکۆی جمهورییەت و تەرمەکانیش بۆ مردووخانەی هەمان نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، یڵماز شیمشەک، پارێزگاری سێواز لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ئەمنی و کارگێڕی سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، تەنیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا 52 هەزار و 442 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، کە تێیاندا 147 کەس گیانیان لەدەستداوە و 29 هەزار و 503 کەسیش بریندار بوون.
هەر بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 209 هەزار و 898 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون. لەو رووداوانەدا 567 کەس گیانیان لەدەستداوە و 107 هەزار و 907 ـی دیکەش بریندار بوون.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)