رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، پارێزگاکانی باکووری کوردستان جموجۆڵێکی بەرچاوی بازرگانییان بەخۆوە بینیوە و بە بەهای 4.3 ملیار دۆلار کاڵایان هەناردە کردووە؛ پارێزگای دیلۆکیش لە پێشەنگی هەناردەکاراندایە.
بەگوێرەی دوایین داتاکانی "یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" (GAİB)، لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، قەبارەی هەناردەی پارێزگاکانی ژێر چەتری یەکێتییەکە گەیشتووەتە 4.3 ملیار دۆلار. تەنیا لە مانگی ئایاردا بایی 902.7 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردە کراوە.
دیلۆک پشکی شێری بەرکەوتووە
ئامارەکان دەریدەخەن کە پارێزگای دیلۆک، ناوەندی سەرەکیی بازرگانیی ناوچەکەیە و زیاتر لە 80%ـی کۆی هەناردەی باکووری کوردستانی پێکهێناوە. لە مانگی ئایاردا بە تەنیا لەم پارێزگایەوە بە بەهای 757 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردە کراوە.
دابەشبوونی هەناردەی مانگی ئایار بەسەر پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستاندا بەمشێوەیە بووە:
- مێردین: 69.8 ملیۆن دۆلار.
- رووها: 39.1 ملیۆن دۆلار.
- ئامەد: 15.8 ملیۆن دۆلار.
- کیلیس: 11.4 ملیۆن دۆلار.
- سەمسوور: 4.3 ملیۆن دۆلار.
یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە ناوەندەکەی لە دیلۆکە، کۆمپانیاکانی پارێزگاکانی (رووها، مێردین، ئامەد، دیلۆک، مەڕەش، مەڵەتی، سەمسوور و کیلیس) لەخۆدەگرێت و یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی هەناردەکردنی کاڵا بۆ بازاڕەکانی جیهان و وڵاتانی دراوسێ.


.jpg&w=3840&q=75)
