رووداو دیجیتاڵ
بانکی جیهانی قۆناخی یەکەمی قەرزێکی 900 ملیۆن دۆلاریی بۆ عێراق پەسند کرد. لەو چوارچێوەیەدا دوو پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەوبان لە سلێمانی و دهۆک بە گوژمەی 80 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێن.
ئەمڕۆ هەینی، 5ی حوزەیرانی 2026، بۆردی بانکی جیهانی لە واشنتن رەزامەندی دا لەسەر پێدانی قەرزێک بە بڕی 900 ملیۆن دۆلار بە عێراق. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "ئەم هەنگاوە دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش لەو قەرزە نێودەوڵەتییە سوودمەند بن."
پڕۆژەکانی سلێمانی و دهۆک
بەپێی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار لەو قەرزە بۆ "دوو پڕۆژەی گرنگ" تەرخان کراوە:
-سلێمانی: فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەی (سلێمانی - چەمچەماڵ - کەرکووک)، بە دیاریکراوی لە بەشی تاسڵووجە بۆ بانی مەقان بە درێژیی 50 کیلۆمەتر.
- دهۆک: فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەی (گرشین - سحێلا) بە درێژیی 22 کیلۆمەتر، لەگەڵ دروستکردنی یەکتربڕی گرشین.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەسندکردنی ئەم دوو پڕۆژەیە "دوای چەندین کۆبوونەوە و هاوئاهەنگیی چڕ لەگەڵ بانکی جیهانی" هات، تاوەکو بخرێنە بەرنامەی جێبەجێکردنەوە.
بانکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە 90%ـی گواستنەوە لە عێراق بە وشکانییە، بەڵام رێگەوبانەکان بەهۆی کۆنی و کاریگەریی کەشوهەواوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ئەم پڕۆژە 900 ملیۆن دۆلارییە لە عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر دوو رێڕەو دەکات:
- رێڕەوی باکوور - باشوور: بەغدا لە رێگەی رێگەی خێرای (E2)ـەوە بە سنووری تورکیا دەبەستێتەوە.
- رێڕەوی رۆژهەڵات – رۆژئاوا: لەرێگەی خێرای (E1)ـەوە بەغدا بە سووریا و ئوردن دەبەستێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی بانکی جیهانی، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە سوود بە نزیکەی 8 ملیۆن هاووڵاتی دەگەیێنێت. ژان کریستۆف کارێ، بەڕێوەبەری بازنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانکی جیهانی دەڵێت، "رێگەوبانەکان کلیلی دابینکردنی هەلی کار و بەستنەوەی هاووڵاتیانن بە بازاڕ و خزمەتگوزارییەکانەوە."



.jpg&w=3840&q=75)
