رووداو دیجیتاڵ
کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک لە کۆڵانەکانی عەفرین بووەتە دیاردەیەکی باو و نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروستکردووە، هاوکات شارەوانیی شارەکە بۆ پاککردنەوەی شار، مانگانە بڕی 20 دۆلار لە هەر ماڵ و دووکانێک وەردەگرێت.
عەبدولقادر، هاووڵاتییەکی خەڵکی حەلەبە، 15 ساڵە لە عەفرین دەژی و سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکان، رۆژانە دووکانەکەی دەکاتەوە. ئەو لە دیمەنی کەڵەکەبوونی زبڵ لەبەردەم دووکانەکەی بێزارە و دەڵێت، "بۆنێکی زۆر ناخۆش دێت، تاوەکو دوو رۆژ خۆڵ و خاشاکەکە هەڵناگرنەوە. لێرە بنکەی تەندروستی هەیە و منداڵێکی زۆر لەم دەوروبەرەن. ئەم خۆڵ و خاشاکە نەخۆشیی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت."
لەگەڵئەوەی کرێکارانی پاککەرەوە بەردەوام کار دەکەن بەڵام شەقامی ڤێلات یەکێکە لەو شوێنانەی زبڵی زۆری لێ کۆدەبێتەوە
ئیبراهیم کوردی، بەڕێوەبەری نووسینگەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی عەفرین، هۆکاری کەڵەکەبوونی خاشاک بۆ کەمیی ژمارەی کرێکار و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ئێمە کاژێر 5:00ـی بەیانی دەست بە کار دەکەین، بەڵام بەداخەوە دوای نیو کاژێر جارێکی دیکە زبڵدانەکان پڕ دەبنەوە، چونکە هاووڵاتییان پابەندی کاتی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک نابن."
بە گوتەی ئیبراهیم کوردی، وەرگرتنی 20 دۆلار لە هاووڵاتییان بۆ ئەوەیە بتوانن خزمەتگوزارییەکان باشتر بکەن.
کەمپەینی پاککردنەوەی عەفرین لە 3ـی نیسانی 2026ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی کەمیی کرێکار و ئۆتۆمبێلەوە، کەمپەینەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت، مووچەی مانگانەی کرێکار، شۆفێر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەش لە 96 دۆلار تێپەڕ ناکات.


