رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند، عێراق یەکەم و گەورەترین زەرەرمەند و براوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، هەروەها باسی لە پێویستیی بردنی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق کرد.
رۆژی شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، بافڵ تاڵەبانی لە پانێڵێکی کۆڕبەندەکە کە فامیس پاپاساناسیۆ، رۆژنامەڤانی یۆنانی بەڕێوەی دەبرد، باسی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد.
جەنگی ئێران و پێویستیی بە ئارامگرتنی ئیدارەی ترەمپ
بافڵ تاڵەبانی لە دەستپێکی پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەکە گۆڕانکاریی نەرێنیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام گوتی، ئەگەر لایەنەکان لەسەر ئاستێکی گەورەتر سەیری کێشەکان بکەن، دەکرێ دۆخەکە بەرەو باشتر بڕوات.
بافڵ تاڵەبانی گوتی: "ئەمە پێویستی بە ئارامگرتن و جۆرێکی جیاواز لە دانوستاندن هەیە. تاوەکو بابەتی زیاتر بهێندرێنە نێو دانوستاندنەکەوە، بابەتی زیاتر دەبن بۆ سازشکردن. ئایا دەتوانیت لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بیت بێ چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین؟ ئایا دەتوانیت ئاشتیت لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەبێت بێ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی؟"
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هیوای خواست، ئیدارەی ترەمپ "ئارامیی گونجاو"ی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی لایەنی سێیەم یان چوارەمەوە. بافڵ تاڵەبانی رەخنەی لە گۆڕانی بەردەوامی هێڵە سوورەکانی ئەمریکا گرت کە لە "چەکی ئەتۆمییەوە" بۆ پیتاندن و مووشەک گۆڕدراون و رایگەیاند، پێویستە پلانێکی روون بۆ ئەوەی چی کێشەیە و چۆن بەدەست دەهێنرێت، هەبێت.
650 ساڵ شەڕی رۆما و فارس
بافڵ تاڵەبانی مێژووی وەک باشترین وانە بۆ جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئێران هێنایەوە و گوتی: "بۆ 650 ساڵ، ئیمپراتۆرییەتی رۆما شەڕی لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی فارس کرد. دەزانیت چی روویدا؟ هیچ براوەیەک نەبوو. رۆمەکان بە سوپا باڵاکەیانەوە هەمیشە دزەیان دەکردە نێو ئێران، بەڵام فارسەکان جوگرافیا و ململانێی داراییان بەکاردەهێنا و چاوەڕێیان دەکردن تاوەکو کاتیان بەسەردەچوو. چاوەڕێیان دەکرد پشێویی سیاسی لە رۆما رووبدات، لە ئەنجوومەنی پیران تیرۆرکردن رووبدات، دۆخەکە لە رۆما تێکدەچێت. بەمجۆرە، بۆ 650 ساڵ، ئەمە بەردەوام بوو."
پێشکێشکارەکە پرسیاری کرد، ئایا ئێستاش هەمان پەیامە؟ تاڵەبانی لە وەڵامدا گوتی: "ئەوە رێک هەمان پەیامە."
رۆڵی عێراق و کێشەی هێزە چەکدارەکان
بافڵ تاڵەبانی رەخنەی لە نەبوونی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر هێزە چەکدارەکانی عێراق گرت و گوتی: "ئێمە لەم جەنگەدا بێلایەن نەبووین. ئێمە بێ رەزامەندی و دەسەڵاتی حکومەت مووشەکمان ئاراستەی هەموو ئەو وڵاتانە کرد کە لە دەوروبەرمانن. نابێت رێگە بدرێ ئەم دۆخە بەردەوام بێت. ئەگەر وەک حکومەت بڕیار بدەین جەنگ رابگەیەنین، دەبێت رووبەڕووی لێکەوتەکانی ببینەوە؛ بەڵام ئەوە کاری گرووپێک نییە کە بەشێوەیەکی تاکلایەنانە بڕیارمان بۆ بدات."
بافڵ تاڵەبانی هیوای خواست، عێراق رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتندا بگێڕێ، هاوشێوەی پاکستان، چونکە "ئەوە دەبوو کاری عێراق بووایە." سەرۆکی یەکێتی باسی تێچووی زۆری جەنگە ناهاوسەنگە نوێیەکانی کرد کە تێیدا "تاران بە درۆنێکی 20 هەزار دۆلاری دووژمن ناچار دەکات بە ملیۆنان دۆلار تەقەمەنی بۆ خستنەخوارەوەی خەرج بکات."
پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ تورکیا
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ تورکیا رایگەیاند، پێیوایە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و سەرکەوتوو دەبێت؛ هەروەها گوتی، دوو رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەتەوە و ئامادەیی یەکێتیی بۆ هاوکاری لەم پرۆسەیەدا نیشانداوە بۆ ئەوەی سەرجەم پێکهاتەکان بە یەکسانی و دادپەروەرانە نوێنەرایەتییان هەبێت.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی ئاراستەی سەرکردە نێودەوڵەتییەکان، وەبەرهێنەران و داڕێژەرانی سیاسەت کرد کە بەشداربوون و گوتی: "سلێمانی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان. وەرن و ببنە بەشێک لەو سامانە. سامانی سلێمانی گاز یان نەوت نییە، بەڕاستی خەڵکەکەیەتی. ئەم دانیشتووانە ئاستبەرزە لە خوێندن و ورە، فرەزمان و زۆر شکۆمەندە." داواشی لە هەر کۆمپانیا دامەزراوەیەک کرد کە سوود لەم هێزە مرۆییە گەورەیە وەربگرن.
