رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم مانگەوە کارەبای نیشتمانیی 24 کاژێری لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێ: "بەهۆی بڕانی کارەباوە ئاو لە هەندێك شوێن کەم بووەتەوە، بەڵام خەڵک بێ ئاو نەبووە".
رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی کارەباوە کەمێک کێشەمان بۆ دروستبوو، بەڵام رێگەمان نەداوە خەڵک بێ ئاو بێ".
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "ئێستا بەشێکی هەولێر ئاوی 24 کاژێرییان هەیە، بەشێکیشیان 18 کاژێر تاوەکو 10 کاژێریان هەیە، بەگوێرەی گەڕەکەکان. ئێستا بەشێکی گەڕەکەکانیش بەهۆی کارەباوە کاتی ئاوپێدانیان کەمبووەتەوە".
رابەر حوسێن گوتی: "ئەگەر ماڵێک پێشتر رۆژانە 10 کاژێر ئاوی پێ درابێ، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی شەش کاژێر، ئەوەش بەشی پێداویستییەکان دەکات و رێگەمان نەداوە کەس بێ ئاو بێ".
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "گەڕەکەکان ئاوی پێویستیان پێ دەدرێ، بەڵام هەندێکیان کاتەکەیان گۆڕاوە. بۆ نموونە، ئەگەر پێشتر بەیانیان ئاو بە هەندێکیان درابێ، ئێستا کەوتووەتە شەو یان بە پێچەوانەوە".
رابەر حوسێن گوتی: "دۆخی کارەبا و ئاو ئەمڕۆ باشتر بووە و لە دوێنیوە ئومێدمان هەیە سبەی دۆخەکە ئاسایی بێتەوە".
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر داوای لە هاونیشتمانییان کرد، ئەگەر کێشەی ئاویان هەبوو ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی بۆیان چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی گرفتی تەکنیکی و چاککردنەوەوە" پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەمبووەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکانن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە "لە چەند کاژێری داهاتوو"دا کێشەی کەمیی کارەبا چارەسەر دەکرێت.

