رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ کاریگەریی خراپی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە جیهاندا هەبووە. باسی لەوەش کرد، "پارتی بەبێ یەکێتی و یەکێتیش بەبێ پارتی ناتوانن حکومەت پێکبهێنن."
رۆژی شەممە، 6ـی حوزیرانی 2026، قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووری دێلفی لە سلێمانی، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بە زووترین کات کابینەی دەیەم پێکبێت، ئەمە بڕوا و کاری ئێمەیە. دۆست و جیران و هاوپەیمانانیشمان لێمان دەپرسن کەی حکومەت پێکدەهێنن؟ چونکە خەریکە ئەم پرۆسەیە کاریگەریی دەبێت لەسەر ناوبانگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پایتەختەکانی جیهاندا."
قوباد تاڵەبانی گوتی: "لە کاتێکدا عێراق دراوسێیەکی لە جەنگدا بوو، ئەو هەموو فرەحیزبی و ناکۆکییە ناوخۆییەی شیعە و سوننە هەبوو، کەچی توانییان زاڵ بن و حکومەت پێکبهێنن. من شەرم دەکەم کە دوای ساڵێک و 8 مانگ نەمانتوانیوە لە نێوان دوو حیزبدا حکومەتێک پێکبهێنین."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ پێکنەهێنانی حکومەت نەماوە و رایگەیاند: "پێشتر باسی کورسی دەکرا، فەرموو ئێستا کورسی، جوگرافیا و مێژوو بە هەر پێوەرێک هەژمار بکەیت دەبێت پێکەوە حکومەت پێکبهێنن. پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و یەکێتیش بەبێ پارتی ناتوانێت حکومڕانی بکات لە کوردستان، ئەمە راستییە. هیوادارم خوشک و برایانمان لە پارتیش تێگەیشتبن کە پێویستە ئیتر بەزاندنی هەر عینادییەک بکەین کە تاوەکو ئێستا هەبووبێت."
قوباد تاڵەبانی، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشە، ئامادەیی حیزبەکەی بۆ دانیشتن و گفتوگۆ دەربڕی و گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ رێککەوتن لەسەر پێناسەیەکی نوێ بۆ حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی راستی، نەک دابەشکردنی ئیمتیاز بەڵکو دابەشکردنی بەرپرسیاریەتی. لەگەڵ پارتی دیدگایەکی هاوبەشمان داڕشتووەتەوە و هیوادارم پەشیمان نەبنەوە، دەمانەوێت لە کوێوە گفگۆکانمان پچڕاوە لەوێوە دەستپێبکەینەوە. کێشەی ئێمە لەگەڵ پارتی لەگەڵ شەخس نییە، بەڵام هەست دەکەم بۆچوونی جیاواز لە ناو پارتیدا هەیە."
جێگری سەرۆکوەزیران داوای لە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی کرد: "با ناکۆکی سیاسی هەبێت، بەڵام با کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و نەبێت لە هەر تووڕەبوونێکدا دەرگا دابخەین".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەسرور بارزانی گوتی: "من کاک مەسرورم خۆشدەوێ، بەڵام ئەگەر راوێژکاری بوومایە، لە کاتی رۆشتنی بۆ بەغدا دەمگوت دەبێت سەرۆککۆمار ببینێت و نەمدەهێشت بچێتە بەغدا و سەرۆککۆمار نەبینێت."
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی مووچە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد: "کێشەی مووچە بەشێکە لە رێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام عێراق ئێستا دەڵێت ئێمە مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکی کارا دەکەین نەک تەنیا کاربەڕێکەر، بۆ ئەوەی پەرلەمان هەبێت چاودێری بکات و حکومەت پڕۆژەیاساکان تێپەڕێنێت. پێویستە ئێمە لەگەڵ یەکدی شەفاف بین و ببینە بەشێک لە بڕیارە سیاسییەکانی بەغدا، ئێستا پرسەکانی نەوت، ئەسیکۆدا (ASYCUDA) و داهاتی نانەوتی لە ژێر تاوتوێکردندان لە نێوان عێراق و کوردستان".
لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "تورکیا وڵاتێکی گرنگە و هێزێکی ئابووری و سیاسی و ئەمنی بەهێزە. زۆر کارمان کردووە بۆ گۆڕینی ئەو بۆچوونەی تورکیا لەسەر کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی و بە تایبەتتر لەسەر یەکێتی هەیبووە. پارهەوڵەکانمان لە کۆڕبەندی دێلفی کاریگەریی هەبوو کاتێک ئەحمەد داودئۆغڵو هاتە کوردستان و رۆشتە ناو بازاڕ خەڵک پێشوازییەکی باشیان لێکرد ئەم ساڵیش دووبارە هاتووەتەوە".
هەروەها سەبارەتی بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی:"ئێمە وەک یەکێتی یەکەم کەس بووین پێشوازیمان لە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە کرد و هاوکار دەبین بۆ سەرگرتنی ئەم پرۆسەیە تاوەکو پێویستیان بە ئێمە بێت، چونکە ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە."

.jpg&w=3840&q=75)