رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بەهار، بناری هەڵگورد دەبێتە تابلۆیەکی سروشتیی رەنگاوڕەنگ، ئەم دیمەنە بووەتە هۆی ئەوەی گەشتیارێکی زۆر روو لە ناوچەکە بکەن. فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانیش خولێکی مەشق و راهێنان بۆ 85 شاخەوان لە ناوچەکە دەکاتەوە.
ئازادە سلێمان، یەکێکە لەو شاخەوانانەی ساڵانە لەگەڵ هاوژینەکەی سەردانی هەڵگورد دەکەن، ئەو وەکو چاڵێنجێکی جەستەیی سەیری سەرکەوتن بۆ سەر لووتکەکە دەکات و دەڵێت: "سروشتی ئێرەم زۆر لا پەسندە، بەتایبەت کاتێک دەگەیتە لووتکە و تابلۆی دوایین خاڵ دەبینیت، هەستێکی زۆر خۆش و تایبەتت پێ دەبەخشێت."
کەوییە بەفرەکانی بناری هەڵگورد تەنیا بۆ جوانی نین، بەڵکو ئێستا بوونەتە مەیدانێکی مەشق و راهێنان بۆ شاخەوانان. فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان 85 شاخەوانی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی شارەزاییەکانیان لەبواری شاخڕەوی و هەڵکشان لەسەر بەفر پەرەپێبدەن.
سیامەند جەعفەر، راهێنەر لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، سەبارەت بە چالاکییەکەیان رایگەیاند: "کۆی گشتی 85 شاخەوان بەشدارن، کە بەشێکیان ئێستا لەسەر لووتکەن و هەندێکیشیان لە کەمپەکەدا ماونەتەوە. شاخەوانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووکەوە هاتوون، ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و شارەزایی شاخەوانەکانە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن و راهێنان لەسەر بەفر."
دیمەنی بناری چیاکە بە سەدان خێوەتی رەنگاوڕەنگی شاخەوانان و گەشتیاران رازاوەتەوە. خوڕەی ئاوی بەفراو و ئەو گرد و تەپۆڵکانەی بە گوڵ و گوڵزار داپۆشراون، ژینگەیەکی ئارامیان خوڵقاندووە. گەشتیاران دەڵێن ئەوەی لێرە دەیبینن سروشتێکی "کەمتر دەستکارییکراو و تێکدراوە"، ئەمەش وای کردووە گەشتەکانیان بۆ ئەم ناوچەیە ببێتە یادگارییەکی خۆش و بە ئاسانی لەبیر نەچێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)