رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، ئەمرۆ زیاتر لە 3 ملیۆن پەنجەماسییان خستووەتە نێو بەنداوەکانی گۆمەسپان، بەستۆرە، سماقووڵی و ئاقوبان بە مەبەستی زیادکردنی سامانی ماسی.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزیرانی 2026، بێستوون نەجمەدین، بە تۆڕی میدیایی روداوی راگەیاند: وەک هەنگاوی یەکەم، زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار پەنجەماسییان خستووەتە نێو ئاوی بەنداوەکانی گۆمەسپان، بەستۆرە، سماقووڵی و ئاقوبان بە مەبەستی زیادکردنی سامانی ماسی.
بە گوتەی بێستوون نەجمەدین، ئەم هەنگاوە بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، بەڕێوەبەری راهێنانی کشتوکاڵی و ستافی هۆبەی هەڵهێنەری ماسی بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەم کارە بە ئامانجی زیادکردنی سامانی ماسییە و لە داهاتوودا ماسی دیکەش دەخەنە نێو بەنداوی چەمرگە".
بەنداوی گۆمەسپان کە یەکێکە لەو شوێنانەی ماسییەکانی تێکراوە، بە دووریی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر. رووبەری بەنداوەکە 6 ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجایە، بەرزیی بەنداوەکە نزیکەی 70 مەترە و درێژییەکەی 512 مەترە؛ بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی بەستۆرە بەرزییەکەی 20 مەترە، درێژییەكەی 560 مەترە؛ توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە. هەروەها بەنداوی ئاقوبانیش رووبەری 400 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بەرزییەكەیشی 31 مەترە و توانای گلدانەوەی 2.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
ساڵانە لە مانگی ئادارەوە تاوەکو مانگی حوزیران، راوی ماسی لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسی و زیادبوونی بەرهەم قەدەخە دەکرێت. بڕیار وایە 16ـی ئەم مانگە قەدەخەی راوە ماسی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت.



