رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ، دوو درۆن خرانە خوارەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، "درۆنەکان لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێنراون و هیچ زیانێکیان نەبووە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 05:00ی بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری هەردوو گوندی (گوزار) و (زراڤۆک) لە ناحیەی بجیل، دوو درۆن کەوتنە خوارەوە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، لەگەڵ کەوتنی درۆنەکاندا، دەنگی فڕۆکەی جەنگییان لە ئاسمانی ناوچەکە بیستووە و ڤیدیۆی کاتی کەوتنەخوارەوەی پارچەکانیان تۆمار کردووە.
بەشار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل، زانیارییەکانی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "ئەو دوو درۆنە لەلایەن فڕۆکەکانەوە لە ئاسماندا پێکراون و تێکشکێنراون، دواتر پارچەکانیان لە سنووری گوندەکانی گوزار و زراڤۆک کەوتوونەتە خوارەوە."
سەبارەت بە زیانەکانی ئەو رووداوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل ئاماژەی بەوە کرد کە کەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانی یان مادیی لێنەکەوتووەتەوە.
.png&w=3840&q=75)

