رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسیی پارێزگای لوڕستان، لە ساڵێکدا زیاتر لە 20 هەزار منداڵ لە پارێزگاکە لەدایک بوون کە 878ـیان دووانەن. پێکهێنانی ژیانی هاوژینی زیاتر بووە و ژمارەی جیابوونەوەش دابەزیوە.
رۆژی یەکشەممە، 07-06-2026، فەریبورز ئەمیری پەریان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسیی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوایین ئاماری تایبەت بە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، جیابوونەوە و لەدایکبوونی لە پارێزگاکە خستەڕوو.
بە گوێرەی ئامارەکە، لە 21-03-2025ـوە تاوەکو 21-03-2026، 20 هەزار و 440 منداڵ لە سنووری پارێزگاکە لەدایک بوون.
بە گوتەی فەریبورز ئەمیری پەریان، لەو ژمارەیە، 10 هەزار و 889ـیان کوڕ بوون و 9 هەزار و 551ـیان کچ بوون. وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، لەو ماوەیەدا 878 منداڵی دووانە و 42 منداڵی سێیانە لەدایک بوون.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسیی لوڕستان ئاماژەی بە ژمارەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و جیابوونەوەش کرد و گوتی، لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا، 12 هەزار و 900 پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و سێ هەزار و 970 جیابوونەوە تۆمار کراون.
فەریبورز ئەمیری پەریان ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە، لە بەرامبەردا ژمارەی جیابوونەوەکانیش دابەزیوە.
بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 750 هەزار کەسە.

.png&w=3840&q=75)

