رووداو دیجیتاڵ
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) رایگەیاند، بە درۆنێک بارەگایەکیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومان کراوە.
ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە درۆنی شاهێد 136ـی ئێرانی، کاژێر 07:56ـی بەیانی ئەمڕۆ بۆردوومان کراین".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی پاک گوتی: "بارەگای چەمشارمان لە نزیک ناحیەی دارەشەکران بۆردوومان کراوە، زیانی مادیی زۆر بەر بارەگاکەمان کەوتووە، بەڵام زیانی گیانیمان نییە".
هەر ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک هێرشێکی درۆنی تێکشکێندرا.
بەشار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو درۆن لەلایەن فڕۆکەکانەوە لە ئاسماندا تێکشکێنران و پارچەکانیان لە سنووری گوندەکانی گوزار و زراڤۆک کەوتوونەتە خوارەوە".
سەبارەت بە زیانەکانی ئەو رووداوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەکەوتووەتەوە.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە 8ی نیسان، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن، تەنیا مانگی رابردوو 21 هێرش بە درۆن و مووشەک کراوەتە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

