رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی یۆنان پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەسینا لە بوارەکانی بازرگانی و گەشتوگوزار تاوتوێ دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هاری تیۆهاریس، جێگری وەزیری دەرەوەی یۆنان کرد.
لە راگەیێندراوی حکومەت دا هاتووە: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری یۆنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزار و کولتوور و شوێنەوار و تەندروستی دا."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پيشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە کرایەوە."


