رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، درۆنێک پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی تێکشکێندرا.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "درۆنەکە ئاراستەی یەکێک لە بارەگاکانمان کرابوو، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندرا".
جگە لە سنووری خەلیفان، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە بە سێ درۆنی دیکە هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە درۆنی شاهێد 136ـی ئێرانی، کاژێر 07:56ـی بەیانی ئەمڕۆ هێرش کرایە سەرمان؛ زیانی گیانی نەبوو، بەڵام زیانی زۆری مادی لێکەوتەوە".
هەر ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک هێرشێکی درۆنی تێکشکێندرا.
بەشار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو درۆن لەلایەن فڕۆکەکانەوە لە ئاسماندا تێکشکێنران و پارچەکانیان لە سنووری گوندەکانی گوزار و زراڤۆک کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی نەبووە".
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە 8ی نیسان، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن، تەنیا مانگی رابردوو 21 هێرش بە درۆن و مووشەک کراوەتە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)