رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵە و رێکخراوەکانی تورکمان لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆر توانرا پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ تورکمان مسۆگەر بکرێ، ئەمەش دوای 102 ساڵ بەدەستهاتووە.
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستاندن لەگەڵ لایەنە شیعه، سوننە، کورد و مەسیحییەکان زۆر قورس بوو، بەڵام دواجار توانییان پۆستەکە بەدەستبهێنن؛ گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە لەمەودوا لە هەر 4 ساڵێکدا لانیکەم ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک پارێزگاری کەرکووک لە پێکهاتەی تورکمان بێت."
پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، ئەوان وەک پردێک لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا کار دەکەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا کێشەی کەمیی ئاویان لە عێراقدا چارەسەر کردووە و ستایشی هەوڵەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقی کرد لەم بوارەدا.
محەممەد سەمعان ئاماژەی بە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەردۆغان پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد و داوای پشک و وەزارەتێکی بۆ تورکمانەکانیش کردووە. سەمعان گوتی: "بەهۆی دوایین پەیوەندییەکانمان لە بەغدا، لە حکومەتی نوێی عێراقدا وەزارەتێک بۆ تورکمانەکان دەبینن."


.png&w=3840&q=75)