رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕەکانی پارێزگای سلێمانی نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین بڕی 50 دینار بۆ هەر لیترێک بەرزبووەوە، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانیش رایدەگەیێنێت، لە هەولێر بەرزبوونەوەکە زیاترە و گەیشتووەتە 100 دینار.
رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، بەهمەن قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی بەنزین لە سلێمانی گرانبووە و 50 دینار چووەتە سەر هەر لیترێک لە جۆرەکانی نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر."
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو گرانبوونە، بەهمەن قادر ئاماژەی بەوەکرد: "هۆکارەکان زۆرن، بەڵام دیارترینیان پێکهاتوون لە: کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، زەحمەتبوون و گرانبوونی پرۆسەی هاوردەکردنی بەنزین لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و زیادبوونی خواستێکی زۆر لەسەر سووتەمەنی لەم وەرزەدا."
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بەراوردی نرخی نێوان سلێمانی و هەولێری کرد و بە رووداوی گوت: "نرخی بەنزین لە هەولێر بەبەراورد بە سلێمانی زیاتر گرانبووە، بە جۆرێک لە هەولێر زیاتر لە 100 دینار چووەتە سەر نرخی هەر لیترێک بەنزین."
نرخی نوێی جۆرەکانی بەنزین لە سلێمانی بەمجۆرەیە:
بەنزینی نۆرماڵ: 1,000 دینار
بەنزینی موحەسەن: 1,200 دینار
بەنزینی سوپەر: 1,350 دینار
رۆژانە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەرێمی کوردستان پێویستی بە 5 بۆ 6 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)