رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیار لەسەر خەرجکردنی شەشەمین بڕی پارەی گەنمی جووتیاران درا کە زیاتر لە 41 ملیار دینارە.
رۆژی چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاری خەرجکردنی شەشەمین قۆناخی پارەی گەنمی جووتیاران درا کە 41 ملیار و 450 ملیۆن دینارە."
ئەم پارەیە بۆ ئەو جووتیارانەیە پار گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە. لەبارەی دابەشبوونی ئەو بڕە پارەیە بەسەر پارێزگاکاندا، نەوزاد شێخ کامیل رایگەیاند:
13 ملیار و 717 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێرە
16 ملیار و 858 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەیە
10 ملیار و 875 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای دهۆکە
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، هێشتا بڕی 141 ملیار و 755 ملیۆن دینار لە شایستە داراییەکانی جووتیاران لای حکومەتی فیدراڵی ماوە.
پێشتر و لە 03-05-2026، حکومەتی عێراق بڕی 100 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق خەرج کرد، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا زیاتر لە 12 ملیار دینار بوو.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابوو، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەرگیرا، ئەوەی بەشێوازی کۆن ئاودرابوو هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەرگیرا.




