رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، شەقامێکی قەزاکە بە ناوی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوەوە دەکرێت، کە دووشەممە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست دا.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان و قەزا و ناحیەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشنیازێکی فەرمیم بۆ پارێزگار بەرز کردەوە، کە وەکو وەفایەک بۆ هەڵکەوت عەزیز شەقامێکی خورماتوو بە ناوی ئەوەوە بکرێت، ئەویش رەزامەندی دا."
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو رۆژی 8ی حوزەیران لە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەیەکی گشتیی سنووری پارێزگای دیوانیە گیانی لەدەستدا و رۆژێک دواتر لە کەرکووک تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.
کاوە شێخانی رایگەیاند: ئەو شەقامەى دەکرێت بە ناوی هەڵکەوت عەزیز نوێیە و هەفتەی داهاتوو دەکرێتەوە، کە لە نێو سەنتەری قەزای خورماتووە و درێژییەکەى یەک کیلۆمەترە.
بەگوێرەی نووسراوێکی یاریدەدەری هەیسەم زەهوان، پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری تەکنیکی کە رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیران دەریکردووە، بڕیاردراوە کە رێکارە پێویستەکانی ناونانی ئەو شەقامە بە ناوی هەڵکەوت عەزیز جێبەجێ بکرێن.




