رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و بڕیارە لەم هەفتەیەدا رەوانەی بەغدا بکرێت.
رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی حوزیران دەستپێکردووە و ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، بڕیارە ئەم هەفتەیە لیستی مانگی حوزەیران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار بۆ بەغدا بنێردرێت. گوتیشی: "لیستەکە لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی داراییەوە دەبرێتە بەغدا."
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی باسی لەوەش کرد، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، واتا رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە، لیستەکە دەگەیێندرێتە بەغدا.
بۆ مووچەی مانگی رابردوو (ئایار)، لە 27ـی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و تاوەکو 29ـی ئایار سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرگرت.




