رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ سوپاسالاری عێراق و شاندی باڵای سەربازیی یاوەری کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی ئەو هەوڵانە کردووەتەوە کە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوەی هەیە و بە "هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات لە قەڵەمی دان."
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 14-06-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەیاندا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "شاندەکە مەبەستی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان روون کردەوە کە لەسەر راسپاردەی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و ئامانجی سەردانەکەشیان راگەیاند، کە بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی ئەمنیی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەپێناو دابینکردنی گەرەنتیی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت."

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی "دەستخۆشیی لە سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق بەسەر تیرۆردا کرد، کە بە هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق، بەدەستیان هێناوە و هیوای بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی لەنێوانیاندا خواست، لەپێناو نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەدا کە جموجۆڵی تیرۆریستانی تێدایە؛ هەر لەو رووەوە، ستایشی هەڵوێستی سەرۆکوەزیران زەیدی و پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەولێر ـ بەغدای کرد."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوەی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "جەختی لە گرنگیی ئەو هەوڵانە کردەوە و بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووریی وڵات، لە قەڵەمی دان."
دووپاتکردنەوەی پێویستیی پلانی هاوبەش و هاریکاریی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو کە بەڕێزان وەزیری کاروباری پێشمەرگە و سوپاسالاری پێشمەرگە، ئامادەی بوون.


