رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەم جار پارتریارکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەڕێوەبەری ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ، کریستیانەکان پێکهاتەیەکی گەورەن لە هەرێمی کوردستان و 238 کەنیسە و شوێنی ئایینییان هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی شاندێکی حکومی، پێشوازی لە پاتریارک (مار پۆڵس سێیەم نۆنا) سەرۆکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد.
ئەمیر عوسمان، بەڕێوەبەری ئاینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کریستیانەکان بەشێکن لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، لە عێراق 14 تائیفەن و تەواوی ئەو 14 تائیفە لە هەرێمی کوردستانیش هەن".
بەگوێرەی راگەیێندراوی شاندەکەی حکومەت، لە بازگەی شێراوە پێشوازی لە "غیبتەی پاتریارک، مار پۆلس ی سێیەم نۆنا کرا، کە نوێنەرایەتی زیاتر لە 85%ـی کریستیانەکانی کوردستان و عێراق دەکات".
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان 238 کەنیسە، دێر و مەزاری کریستیانەکان هەن.
ئەمیر عوسمان دەڵێت: "152 کەنیسە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە زۆربەیان لە پارێزگای دهۆکن. هەروەها 76 مەزار و 10 دێریان هەیە".
کەنسەی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی شارەکان:
هەولێر: 27 کەنیسە
دهۆک: 20 کەنیسە
سلێمانی: 5 کەنیسە
زاخۆ: 23 کەنیسە
ئامێدی: 10 کەنیسە
ئاکرێ: 9 کەنیسە
شێخان: 2 کەنیسە
سەرسنگ: 6 کەنیسە
سیمێل: 7 کەنیسە
بامەڕنی: 3 کەنیسە
زاویتە: 2 کەنیسە
بەرواری باڵا: 15 کەنیسە
دێرەلووک: 2 کەنیسە
باگرێ: 3 کەنیسە
ئەترووش: 4 کەنیسە
بێرسیڤێ: 1 کەنیسە
مێرگەسۆر: 2 کەنیسە
سۆران: 6 کەنیسە
شەقڵاوە: 3 کەنیسە
کۆیە: 2 کەنیسە
مەتران ئەمیل شەمعوون نۆنا، رۆژی 12ـی نیسانی 2026 بووە پارتریارکی کەنیسەی کلدانییەکان لە عێراق و جیهان و نازناوی پاتریارکی مار پۆڵسی سێیەم نۆنای وەرگرت و لە 29-05-2026 لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە بەغدا بووە جێگرەوەی مار لۆیس روفائیل ساکۆ، پارتریارکی پێشوو.



