رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو هەفتە بەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هێشتا نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست مووچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە. نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستیش هۆشداری دەداتە حکومەت و دەڵێت: "ئەگەر مووچەمان پێنەدرێت، هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بایکۆت دەکەین."
عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەست نەهاتووە. وەزارەتی دارایی بەردەوام دەڵێت، ئەم هەفتەیە دابەشی دەکەین، بەڵام تەنیا بەڵێنە و جێبەجێ نەکراوە."
بەپێی ئامارەکانی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست، ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 933 مامۆستایە و لە وەزارەتی خوێندنی باڵاش نزیکەی چوار هەزار و 100 مامۆستان، کە کۆی تێچووی مووچەکانیان نزیکەی 24 ملیار دینارە. هەروەها نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەری دیکەی گرێبەست لە وەزارەتە جیاوازەکان هەن کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی مامۆستایان بۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم کە بڕیارە سبەی دەستپێبکات، عەلی رەئووف گوتی: "مامۆستایانی وانەبێژ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەیان بایکۆت کردووە، ئێمەش وەک مامۆستایانی گرێبەست ئەگەر مووچەمان پێنەدرێت، بایکۆتی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەکەین."
لە بەرامبەردا، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکارییەکانی خۆیان تەواو کردووە. د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەک وەزارەت، لیستەکانمان ئامادە کردووە و رادەستی گەنجینەمان کردووە؛ لەمەودوا پڕۆسەی خەرجکردنی پارەکە لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییە."
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کاتی وردی دابەشکردنی مووچەی ئەو توێژەی دیاری نەکردووە، کە ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای فەرمانبەرانی گرێبەست دروست کردووە.



