رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق و سووریا کۆبووەوە. نێردە تایبەتەکەی ترەمپ "پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپات کردەوە." هەردوولاش هاوڕا بوون لەسەر "گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16-06-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكى ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کرد.
لە كۆبوونهوهیاندا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. لەو بارهيهوه نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دووپات کردەوە، هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە."

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی "جەختی لە پشتگيريى هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عەلی زەیدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور، کردەوە."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی، "گفتوگۆمان کرد دەربارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاری و گفتوگۆ بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا. پابەندبوونی عێراق و هەرێمی کوردستانم دووپات کردەوە بە هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ ئەمریکا."

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "ههردوولا كۆك بوون لهسهر گرنگيى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بگەیێنێت."
دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، "تیایدا ستايشى رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێرانيان بۆ کۆتاییهێنان به شەڕ کرد و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا."



