رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی شاری بروجێردی پارێزگای لوڕستان دەڵێ، لە رووداوێکدا 6 کەس بریندار بوون و 4 ماڵیش زیانیان بەرکەوت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، نادر موساوەند، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی بروجێرد رایگەیاند:"بەهۆی لێچوونی گازەوە ماڵێک لە گەڕەکی قودغون لە بروجێرد تەقییەوە و لە ئەنجامدا شەش کەس برینداربوون."
نادر موساوەند گوتی:"دۆخی دوو لە بریندارەکان خراپە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی دان."
بە گوتەی نادر موساوەند، لە رووداوەکەدا جگە لەو خانووەی تەقیوەتەوە، سێ خانووی دیکە زیانیان بەرکەوتووە.
دادپزیشکی ئێران دەڵێ، پار 831 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ژەهراویبوون و تەقینی گاز گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری تەندروستیی ئێران، لە 10 ساڵدا نزیکەی 1000 کەس لەو وڵاتە بەهۆی ژەهراویبوون و لێچوون و تەقینی گازەوە گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.


