رووداو - دیجیتاڵ
هەشت رۆژە رافید حوسێن، لە کەنارەکانی ئاوی زەڵم چاوەکانی لە شەپۆلەکان ناپێچێتەوە؛
ئەو باوکە جگە لە دۆزینەوەی تەرمی کچە 11 ساڵانەکەی، هیچ هیوایەکی تری نەماوە.
روقییە کە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشت لە کەربەلاوە هاتبوونە سەرچاوەی زەڵم،
لە چەند کاژێرێکی کەمدا گەشتەکەیان گۆڕا بۆ کارەسات و ئاوەکە روقییەی لە باوەشی باوکی سەند.
لەوەتەی روقییە خنکاوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، غەواسەکان و خەڵکی ناوچەکە بەبێ
وچان خەریکی گەڕانن. تەنانەت بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، دەستکراوە بە گۆڕینی ئاڕاستەی
ئاوی رووبارەکە. رافید حوسێن، باوکی روقییە، بە دڵێکی پڕ لە حەسرەت و
چاوەڕوانییەوە دەڵێت: "بەڕاستی ئەمڕۆ ئەم خەڵکە، حکومەت، ئێوە
کەناڵەکان بێ وچان و کەموکوڕی دەستپێشخەرییان کردووە، بۆڕیان دەروای ئاوەکە
دەگۆڕن بەشکو خوایە بەوهۆیەوە بیدۆزینەوە، داوا لە خودا دەکەم خودا رەحمیان پێ بکات
و پاداشتیان بداتەوە."
خەڵکی ناوچەی هەورامان لە یەکەم ساتی رووداوەکەوە هاوکاری خێزانە
کەربەلاییەکەن و دەرگەی ماڵەکانیان بۆ کردوونەتەوە. نەورۆز زەکەریا، یەکێک لە
دانیشتووانی ناوچەکە، باس لەو هاوسۆزییە دەکات و دەڵێت: "ئێمە کە دەچێنەوە ماڵ
پێشئەوەی نان بخۆین تەلەفۆن دەکات دەڵێ وەرنە سەرەوە بێ تاقەتبووین، دەرگەمان
بۆیان کراوەتەو لە خزمەتیان داین."
داخستنی 100 شوێنی گەشتیاری ئەم رووداوە وایکردووە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری
هەڵەبجە رێکاری توند بگرێتەبەر. چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە،
لەبارەی سەلامەتیی گەشتیارانەوە دەڵێت: "بەپێی ئەو لیژنە پسپۆرییەی دروستمان
کردووە مەترسییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، لەم وەرزەی کە ئاو زۆرە پێویستە
هەندێک شوێن سەلامەتیی زیاتر رەچاو بکەن، بەو ئامانجەش کە دەبێ پەرژینی ئاسنینی
بەهێز دابرێت، بۆئەوەی گەشتیاران لە سەرچاوە ئاوییەکان نزیک نەکەونەوە، نزیکەی 100
شوێنی گەشتیاریشمان کە نزیک لە کەنارەکانی ئاون دیزاینمان بۆ کردوون کە دروستیان
بکەن بۆ سەلامەتیی گەشتیاران."
بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، گەشتوگوزاری هەڵەبجە چەندین شوێنی گەشتیاریی لە
ناوچەکە داخستووە تاوەکو ئەو کاتەی خاوەنەکانیان پەرژینی پارێزەر و رێکاری پێویست
دەگرنەبەر.
رووداوی خنکانی روقییە لە کاتێکدایە کە رێژەی خنکان لە هەرێمی کوردستان رووی لە
زیادبوون کردووە؛ تەنیا لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، 4 کەس لە ناوچە
جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەهۆکاری جیاواز لەناو ئاودا خنکاون.
