رووداو دیجیتاڵ
19 حوزەیرانی هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژیی سێکسییە لە کاتی جەنگ و ململانێدا، لە دهۆک، کۆنفرانسێک لەبارەی ئەم تووندوتیژییەوە رێکخرا، کە سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی یەکسانی جێندەری و ئەنجوومەنی باڵای خانمان رێکیان خستبوو.
لەنێو کورد دا، ئێزدییەکان نوێترین قوربانیی ئەم تووندوتیژییەن، لە ئابی 2014دا، رێکخراوی تووندڕۆی داعش، هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری و زیاتر لە 11هەزار هاونیشتمانیی سڤیلی کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد یانیش رفاندنی و بێسەروشوێنی کردن.
دوای ئەم رووداوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران ئەوکات و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان، نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ رزگارکردنی ئەو کوردە ئێزدییانە دامەزراند کە سەدان رفێندراوی ئازادکردووە.
حوسێن قائیدی، ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو نووسینگەیەی لە ئەستۆیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، تاوەکو کوردێکی ئێزدیی بێسەروشوێن مابێت، کارەکانی ئەم نووسینگەیە بەردەوام دەبێ."
"بەئازارترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخ"
لە کۆنفراسەکەی دهۆک دا، داود سلێمان ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە نەوەکو تەنیا بۆ یادکردنەوەی رۆژێکی جیهانی، بەڵکو بۆ وەستان لەسەر یەکێک لە بەئازارترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی دەڤەرەکەمان، ئەویش جینۆسایدی ئێزدییەکانە."
سەرۆکی زانکۆی دهۆک گوتی: "زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر ئەو جینۆسایدەدا تێدەپەڕێت کە لەلایەن داعشەوە دژی پێکهاتەی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامدرا. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی قوربانییان، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە بارودۆخێکی دەروونی، جڤاکی و ئابووریی سەختدا دەژین."
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی دهۆک، پرۆسەی چاکبوونەوە و گەڕانەوە بۆ ژیان، کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو گەشتێکی درێژخایەنە و پێویستی بە پشتیوانیی هەموو لایەکە. "وەک زانکۆ، بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەر شانە کە نەک تەنیا رێز لە قوربانییان بگرین، بەڵکو کار بکەین بۆ بونیاتنانی پاشەڕۆژێک لەسەر بنەمای کەرامەت، دادپەروەری و یەکسانی."
دوای کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی، زانکۆی دهۆک (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما)ی کردەوە. سەرۆکی زانکۆی دهۆک دەڵێ: "ئەم پەیمانگەیە وەک وەڵامدانەوەیەکی خێرا بوو بۆ پێداویستییە گەورەکانی دەڤەرەکە لە بواری چارەسەری دەروونی و شوێنەوارەکانی تووندوتیژی بۆ رزگاربووان و ئاوارەکان."
سەدان کچی ئێزدی بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی نێردرانە ئەڵمانیا بۆ چارەسەر
د. داود سلێمان، سەرۆکی زانکۆی دهۆک لە گوتارەکەیدا، باسی هەوڵ و کارەکانی نێچیرڤان بارزانیی کرد بۆ قوربانییانی دەستی داعش و گوتی: "ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەم پەیمانگەیە؛ ساڵی 2014 کاتێک ئەو هێرشە دڕندانەیە کرا، بە بڕیاری حکومەت و بە پاڵپشتیی جەنابی نێچیرڤان بارزانی، رێککەوتنێک کرا بۆ ناردنی هەزار و 100 ئافرەت و کچی ئێزدی بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری دەروونی."
گوتیشی: "دواتر ئەڵمانیا بینی کە پێداویستییەکان زۆر زیاترن لەو ژمارەیە، بۆیە بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیمانگەی IPP لە زانکۆی دهۆک دامەزرا."
دانانی بناخەی پەیمانگەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە
سەرۆکی زانکۆی دهۆک، لەبارەی دامەزراندنی (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) دەڵێ: "ئامانجمان تەنیا چارەسەر نەبوو، بەڵکو پێگەیاندنی کادیری پسپۆڕیش بوو. لە ساڵی 2017ەوە، پڕۆگرامی ماستەرمان لەم بوارەدا کردەوە و تاوەکو ئێستا پێنج وەجبە، کە نزیکەی 134 بۆ 140 قوتابیی ماستەرن، لەم بەشە دەرچوون. هەروەها کلینیکێکی چارەسەریمان لە دهۆک و کلینیکێکی دیکەمان لە سنوونێی سەر بە شنگال کردووەتەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەمان."
د. داود سلێمان، ئاماژەی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانیی کرد و گوتی: "لێرەدا دەمەوێت سوپاسی جەنابی نێچیرڤان بارزانی بکەم کە لە سەرەتاوە بناخەی ئەم کارەی دانا، هەروەها سوپاسی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بەردەوام پشتیوان و ئاگاداری کارەکانمانە."
بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانییە، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان و عێراق 550 هەزار کەسن، لە هێرشەکانی داعشدا لە سێی ئایاری 2014دا، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران، یانیش رفێندران و بێسەروشوێن کران.
ژمارەی کوردانی ئێزدی و دابەشبوونیان:
550,000 کەس
135,860 کەس، ئاوارەن و لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین
189,337 کەس، لە دەرەوەی کامپەکاندا دەژین
گۆڕی بەکۆمەڵ و مەزارگەکان
دوای رووخانی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە، چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری شنگال و نەینەوا دۆزرانەوە کە کوردانی ئێزدییان تێدابووە و تێدایە.
93 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە
دەیان گۆڕی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە
29کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان رزگاریان بووە
68 مەزارگە لەلایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە
ئاماری رفێندراو و رزگارکراوان
6,417 رفێندراو
5,548 مێ
2,869 نێر
3,595 رزگارکراو
1,213 ژن
339 پیاو
1,079 منداڵی کچ
964 منداڵی کوڕ
ئاماری شەهیدەکان
ژمارەی ئەو رفێندراوانەی بە دەستی داعش شەهید کراون و تەرمەکانیان لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراوەتەوە و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە:
296 شەهید
41 مێ
255 نێر
ژمارەی بێسەروشوێنەکان
2,526 کەس
1,215 مێ
1,311 نێر
رۆڵی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە رزگارکردنی رفێندراوان دا
هەر لە کۆنفرانسەکەی دهۆک دا، د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان رایگەیاند، رۆژێکی نێودەوڵەتی ئاوا، داوا لە هەمووان دەکات، نەک تەنیا بیرەوەری ئەو رۆژە بکەین، بەڵکو برینەکان ساڕێژ بکەین، رزگاربووان و خێزان و کۆمەڵگە بەیەکتر ئاش بکەینەوە و سیستم و حکومڕانییەتی بخەینە خزمەت هاوڵاتییانی رزگاربوو.
د. خانزاد گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی پێشمەرگە و رێبەر و سەرۆک بارزانی، ئەو کات کە سەرۆکی هەرێمیش بوو، هەر لە دەستپێکی جینۆسایدەکەوە ئەمری فەرموو؛ ئەو کات حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی رێزدار سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، نووسینگەی رفێندراوانی کردەوە."
"ئەو نووسینگەیە بۆ رزگارکردنی رفێندراوان بوو و تاوەکو ئێستاش ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەو ئامۆژگاری و ئەو سیاسەتانەی کە جەنابی سەرۆک دایڕشتووە. وە ئەو بڕیارەمان داوە تاوەکو رزگارکردن و دیاریکردنی چارەنووسی دوایین رفێندراو بەردەوام دەبین."
"سەرەڕای قەیرانەکان، حکومەت رزگاربووانی لەبیر نەکردووە"
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان گوتیشی: "ناتوانین باسی ئەوە نەکەین و نکوڵی لێبکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە کابینەی نۆیەم، ئێوە لە من باشتر ئاگادارن کە رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەش، بەڵام رزگاربووانی لە بیر نەکردووە و چەندین هەنگاوی باشی ناوە بۆ پشتیگیریی ئەوان، چ لە خوێندندا بێت یان دابینکردنی هەر یارمەتییەک بە هەر شێوەیەک."
د. خانزاد ئاماژەی بەوەکرد کە رزگاربووان تەنیا پێویستییان بەوە نییە کە مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە یان بڕە پارەیەکیان پێبدرێت، "وەزعەکە زۆر لەوە قووڵتر و زەحمەتترە، ئەو بارە دەروونی و هەستیارییەی کە تێیدا دەژین، گرنگە بە چاوێکی زۆر جیدییەوە سەیر بکرێت و بخرێتە ناو بەرنامەکانی زانکۆکانەوە تاوەکو هاوکارمان بن بۆ ئەوەی ئێمە وەکو دامودەزگا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانین لە خزمەت رزگاربوواندا بین، وە ئەوە کەمترین واجبە کە بتوانین بیکەین."
"برینێکی ساڕێژ نەبوو"
19ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژیی سێکسییە لە کاتی جەنگ و ململانێدا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان دەڵێ: "ئێمە ئەمڕۆ یادی هەموو تاکێکی رزگاربوو دەکەینەوە، سەدان کەسمان بەبیر دێتەوە کە براون و بەکۆیلە گیراون. رێز لە خۆڕاگریی رزگاربووان دەگرین و خۆمان لە ئاست برینەکانیان دادەنەوێنین. ئەوانەش یاد دەکەینەوە کە لەو کۆمەڵکوژییەدا گیانیان سپارد، ئازارەکانیان وەرزێک نییە کە بێت و تێپەڕێت و لەبیر بکرێت، بەڵکو برینێکە هێشتا کراوەیە."
دەشڵێت: "ئەرکی ئێمەیە وەک دامەزراوەی حکومەت و وەک مرۆڤ، دڵنیا ببینەوە لەوەی کە هەموو رزگاربوویەک بە تەواوەتی هەست بە ئارامی و بە پرۆسەی چاکبوونەوە و بەهێزبوونەوەدا تێپەڕێت و ئەو پرۆسەیەدا دەربچێت و بە مافەکانی بگات و داهاتوویەکی مسۆگەری بۆ دابین بکرێت."
بە گوتەی د. خانزاد، "دەرچوواندنی یاسای رزگاربووان بە دەستپێشخەریی لایەنە کوردستانییەکان و بە پاڵپشتیی هەندێک لە لایەنەکان لەسەر ئاستی فیدراڵ، هەنگاوێکی مێژووییە لە داننان بە مافی رزگاربووان و دانانی باری قەرەبووکردنەوە لە شوێنی خۆیدا، واتە لەسەر شانی دەوڵەت نەک رزگاربوو کە قەرەبوو بکرێنەوە، وە ئەمە لەخۆیدا دەستکەوتێکی گەورەیە."
"تاوەکو ئێستاش هەزاران رزگاربوو رووبەڕووی زەبرێکی دەروونیی قووڵ دەبنەوە"
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، دان بەوەدا دەنێت کە "تاوەکو ئەمڕۆ بە هەزاران رزگاربوو هێشتا رووبەڕووی زەبرێکی دەروونیی قووڵ دەبنەوە و وەک پێویست خزمەتگوزاریی تەندروستیی دەروونییان بۆ دابین ناکرێت. هەزارانی دیکەش وەک ئاوارە ماونەتەوە و لە کەمپەکان یان لەناو کۆمەڵگاکان دەژین، لەڕووی ئابوورییەوە زۆر لاوازن. هەر کات ئەو بەشەی خەڵکی ئێمە گەڕانەوە شنگال و لە ناوچەکانی دیکە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئاوەدان نەکردنەوە، دەبێت هەموو رۆژێک ژیانێکی زۆر ناخۆش بەسەر ببەن."
گوتیشی: "ئەم بۆشاییانە پێویستی بە وەڵامدانەوەیە، وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و جیدی و هاوئاهەنگ کراو، واتە هەموو لایەنەکان پێکەوە هاوئاهەنگی بکەن بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە و هەرکەسێک بە ئەرک و رۆڵی خۆی هەڵبسێت. لە لایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، لە لایەن دەسەڵاتە خۆجێیەکانی نەینەوا و شنگال، هەروەها لە لایەن هاوبەشانی گەشەپێدانەوە و لە لایەن هەر دامەزراوەیەک کە ئەمڕۆ لەم هۆڵەدا نوێنەرایەتی دەکەن."

.jpg&w=3840&q=75)