رووداو دیجیتاڵ
لیندای تەمەن 2 ساڵان، لە زگماکییەوە نابیستە. سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا نەیتوانیوە دەنگی ببیستێت، بەڵام زۆر هۆگری باوکێتی و بە زمانی بێ زمانی، لەگەڵ باوکی دەدوێ و پێدەکەنێ. بنەماڵەی لیندا خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن و ئێستا لە سلێمانی کرێچین. دۆخی داراییان یارمەتیدەر نییە تا بتوانن بە تێچووی نزیکەی 20 هەزار دۆلار، نەشتەرگەری چاندنی لوولپێچی گوێی بۆ بکەن.
فەرهاد، باوکی لیندا لەبارەی سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەی کچەکەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "لە تەمەنی شەش مانگییەوە زانیمان کە نابیستێت، پێیان گوتین بە سەماعە (ئامێری بیستن) باش دەبێت، بەڵام هەر باش نەبوو. ئێستا چاومان لە رەحمی خوا و هاوکاری خێرخوازانە تاوەکو ئەو کچەمان رزگاری ببێت".
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، تاکە دەرگای چارەسەر بۆ لیندای بچکۆلە، نەشتەرگەری چاندنی لوولپێچی گوێیە. لە نەخۆشخانە حکومییەکانیشدا بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست، ئەو نەشتەرگەرییە ناکرێت. تێچووی ئەم نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا زیاتر لە 20 هەزار دۆلارە (2 دەفتەر دۆلار)، کە ئەمەش بۆ خێزانێکی کەم داهات و کرێکار هێندەی شاخێک قورسە.
ئێستا لیندا و خێزانەکەی، چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانی خێرخوازانن، تاوەکو دەرگای بیستنی بۆ واڵا بکەن و لەو بێدەنگییە کوشندەیە رزگاری بکەن. دکتۆر پێشڕەو بورهان، پزیشکی پسپۆڕی بیستن و گێژبوون لەسەر دۆخی لیندا دەڵێت: "ئەم منداڵە پێویستی بە نەشتەرگەری چاندنی لوولپێچی گوێ هەیە، تێچووەکەی زۆرە و دەبێت حکومەت لە ئەستۆی بگرێت. گەر زوو ئەم کارە نەکرێت، ئەو منداڵە تاوەکو مردن بە نابیستی و نادویی (لاڵی) دەمێنێتەوە."
ئێستا تەنیا سێ ساڵ لەبەردەم لیندا ماوە؛ ئەگەر تا کۆتایی تەمەنی پێنج ساڵی ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ نەکرێت، بۆ هەمیشە لە دنیای بێدەنگی دەمێنێتەوە.

