رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێک لە ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، 120 دۆنم زەوی دێمەکار کە ساڵانی رابردوو نەکێڵدرابوون، بە کرێ گرتووە، بە درێژایی دوو بۆ سێ کیلۆمەتر لە رووباری گەورەی باڵەکایەتی کە ئاوی بۆ راکێشاوە و کردوویەتی بە تەماتە، خیار، شوتی و کاڵەک
رێباز ساڵح، جووتیارێکی سنووری پێنجوێنە، لە ناوچەی باڵەکایەتی ئەو 120 دۆنم زەوییەی بە شەتڵی تەماتە، خیار، شووتی و کاڵەک چاندووە.
رێباز ساڵح، بە رووداوی گوت: "دوو ساڵە دێمە ئەو ناوچەیە سەیری زەوییەکانم کردووە، سەیری ئاوەکەییم کرد کە بەفراوی کوێستانەکانە، بینیم بە هەموو شێوەیەک زەوییەکان شیاون بۆ کشتوکاڵ، پار زەوییەکانم بەکرێ گرتن و ئەمساڵ نزیکەی 120 دۆنمم کێڵاوە و چاندووە"
بەشی زۆری ئەو زەویانە پێشتر هیچیان تێدا نەدەچێندرا ئەم ساڵ دوای کێڵانیان بوونەتە سەرچاوەی بژێو بۆ رێباز و چەندین کرێکاری کێڵگە کشتوکاڵییەکان.
لەچاندن تاوەکو پێگەیشتن، دەستی کاری زۆری پێویستە، خەڵکی سنوورەکە و ناوچەکانی دیکەش لێرە کاریان دەستکەوتووە. ئیبراهیم پیرۆت، کرێکارە و لە ناوچەی حاجیاوا و چوارقوڕنەوە هاتووە و دەڵێت: "ئیشێکی باش بۆ خاوەنکار دەکەین، پرۆژەکە گەورەیە و 40 کرێکار کاری تێدا دەکات."
هەروەها کوێستان محەممەد، کە کرێکارێکی کێڵگە کشتوکاڵییەکەی رێبازە، بە رووداوی گوت: "ئەمساڵ یەکەم رۆژە دێمە کار، بە تەلەفون ئاگادارمان دەکەنەوە و دەڵێن وەرن، کارەکە باشە و پارەکەی حەڵاڵە"
ناوچەی باڵەکایەتی و برادۆست بەهۆی هەڵکەوتە و ئاو و هەواکەی بە ناوچەی گرنگ بۆ چاندن دادەندرێن. ساڵانی رابردوو بە باشترین جۆری تەماتە و خیار پێویستی زۆری بازاڕەکانی کوردستانیان پڕ دەکردەوە، جووتیارانی سنوورەکە دەڵێن ئەمساڵ دەتوانین پێویستی بازاڕەکانی عێراقیش پڕ بکەینەوە


