رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی، نوێنەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر و چەندین بەرپرسی حیزبی و حکومی، پەردە لەسەر پەیکەری جەنەراڵی فەرەنسی (شارل دی گۆل) لادرا.
دەزگای روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنسووڵخانەی فەرەنسا و ئەنستیتیۆتی فەرەنسی رێورەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەی جەنەراڵ (شارل دی گۆل) بەرێوە برد.
شارل دی گۆل، یەکێکە لە جەنەراڵ و سەرکردە مێژووییەکانی فەرەنسا کە مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی کوردستان، لە ساڵی 1978 نامەیەکی بۆ نارد و داوای پشتیوانی بۆ خەباتی گەلی کورد لێکرد.
حەسەن شێخ عەلادین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە لە گوتارێکدا گوتی: "خۆشحاڵ و بەختەوەرین لە ئێوارەیەکی وەک ئەمڕۆدا هەموومان لێرە لە خزمەت ئێوەی بەڕێز وەک دەزگای روانگە کۆبووینەتەوە بە مەبەستی کارێکی هێماداری مێژوویی، ئەویش لادانی پەردە بوو لەسەر پەیکەری جەنەراڵ شارل دی گۆل."
حەسەن شێخ عەلادین گوتی: "ئەمڕۆ 18ی حوزەیران، ساڵیادی دوو رووداوی گەورەی مێژووییە، یەکێکیان 18ی حوزەیرانی 1947 پەڕینەوەی پێشەوای رۆحیی نەتەوەیی کورد مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵەکانی لە رووباری ئاراس کە بۆ بەردەوامیدان بە رۆحییەتی شۆڕشگێڕیی گەلی کورد و پێشگیری بە داگیرکاری بوو. یەکێکی تریشیان 18ی حوزەیرانی 1940 ئەو بانگەوازە مێژووییەی جەنەراڵ (شارل دی گۆل)ـە کە دژ بە داگیرکاریی نازییەکان کردی."
بە گوتەی حەسەن شێخ عەلادین، "ئەم دوو رووداوە مێژووییە، دوو رووداو بوون کە دەکرێ بڵێین خاڵی وەرچەرخان بوون لە مێژووی گەلی فەرەنسا و گەلی کورد و مرۆڤایەتیشدا، بۆیە دەمانباتەوە ناو ئەو مێژووە هاوبەشەی نێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسا کە دژ بە داگیرکاری هەمانبووە. داگیرکاری و بانگەواز دوانەیەکەن هەرگیز لە مێژوودا بە رۆکی گەلی کوردیان بەرنەداوە. ئەمەش خەیاڵ و بیرمان ئەباتەوە بۆ لای ئەو نامە مێژووییەی پێشەوای رۆحی نەتەوەیی کورد بارزانیی نەمر کە ئاراستەی سەرۆکی فەرەنسای کرد لە ساڵی 1968."
نامەکەی دی گۆل بۆ مەلا مستەفا بارزانی
سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کاتەی کە گەلی کورد لە ژێر ئاگری چەوسانەوەدا بوو، ئەو کاتەی جگە لە چیاکان و خودا هیچ پشتیوانێک بۆ کورد نەمابوو. لەو کاتەدا حکومەتی ئەو سەردەمەی عێراق داوای کڕینی چەکی لە فەرەنسا دەکرد، بەڵام (بارزانیی نەمر) بۆ (دی گۆڵی مەزن) لەو سەردەمەدا نامەیەک دەنووسێت و دەڵێت: "جەنەراڵ رێگە بدە پیرەمێردێک کە لە گەنجییەوە خەباتی بۆ ئازادی و کەرامەتی گەلەکەی کردووە ئەم بانگەوازە باڵایەت بۆ بنێرێت. تۆ گەورەترین خەباتکاری بەرخودانی ئەورووپای، توانیت وڵاتەکەت ئازاد بکەیت، بۆیە ناتوانیت هاوسۆز نەبیت لەگەڵ ئەو شەڕە نزیکە نائومێدکەرەی گەلی کورد لە ماوەی 6 ساڵی رابردوو لە باکووری عێراق دەی کات. جگە لەوەش تۆ سەرۆکی فەرەنسای، ئەو نەتەوەیەی کە بیرۆکەی ئازادیی سیاسی و مافی چارەی خۆنووسینی هەموو مرۆڤەکانی بە جیهان بەخشی. لە کۆتاییشدا تۆ جەنەراڵ دی گۆلی، رزگارکەری وڵاتانی دەرەوەی فەرەنسا و نەیارێکی راستەقینەی هەموو ئامرازەکانی چەوسانەوە و دۆستێکی راستەقینەی هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لە پێناو ئازادیدا خەبات دەکەن."
حەسەن شێخ عەلادین، باسی نێوەڕۆکی نامەکەی مەلا مستەفا بارزانی دەکات و دەڵێ: "ئەگەر بە وردییەوە لەم نامەیەی بارزانی بڕوانین، دەبینین روانینی قووڵی لەو سەردەمەدا وابووە کە فەرەنسا ناوەندی ئازادییە. بۆیەش دەکرێ بڵێین ئەم نامەیە تەنیا پەیامێکی سیاسی و دیپلۆماسی نەبووە، بەڵکو گفتوگۆیەکی نێوان دوو سەرکردە بووە کە هەردووکیان تامی تاڵیی داگیرکاری و بەهای بەرزی ئازادییان زانیوە."
بۆچی پەیکەری دی گۆل دانرا؟
سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە، هۆکاری دروستکردنی پەیکەری (دی گۆل) لە هەولێر روون دەکاتەوە و دەڵێ: "بۆیە ئەمڕۆ ئەم پەیکەرە لێرە جێگیر دەکەین لە روانینی ئەو وتەیەی پێشەوای رۆحی نەتەوەیی کورد بارزانیی نەمرەوە کە دەفەرمووێت: تاوەکو ئێستا لە مێژوودا نەمانبینیوە مەدحی کەسێک بکەن بڵێن خواردنی زۆر خۆش یاخود لەسەر جێگای زۆر نەرم دەنووست، بەڵکو لە مێژوودا تەنیا ناوی ئەو کەسانە بە شەرەف زیکر دەکرێن کە بۆ بەرژەوەندیی گشتی تێکۆشاون و خەباتیان کردووە."
دەشڵێ: "با ئەم پەیکەرە لێرە بمێنێتەوە وەک شایەتحاڵی مێژووی نێوان ئێمە و گەلی فەرەنسا لە پای رێز و وەفاداریمان بۆ پشتیوانییەکانی گەلی فەرەنسا و جەنەراڵ دی گۆل، لە پای هەوڵەکانی پێشەوای رۆحی نەتەوەیی کورد مەلا مستەفا بارزانی. چونکە ئێمە لە دەزگای روانگە باوەڕمان وایە ئەم پەیکەرە تەنیا تاشراوێک لە بەرد و کانزا نییە، بەڵکو ئەم پەیکەرە پردێکی پۆڵایینی نێوان دوو جوگرافیای هاوبەشی ئازادیخوازە."
پەیکەری گاندی و دی گۆل لە یەک پارکی هەولێر
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا لەکاتی پەردەلادان لەسەر پەیکەرەکە، باسی ئەو شوێنەی کرد کە پەیکەرەکەی لێ دانراوە و گوتی: "پارکی سامی عەبدولڕەحمان شوێنێکە کە ئێمە شانازیی پێوە دەکەین. ئەم شوێنە تاوەکو ساڵی 1991 بەشێک بوو لە بنکەی سەربازیی رژێمی سەرکوتکەری پێشوو. خەڵک لە تێپەڕین بە لای ئەم شوێنەدا دەترسان، چونکە هەموو جۆرە چەوسانەوە و سەرکوتکردنێک لێرە رووی دەدا."
گوتیشی: "دوای ساڵی 1991 دۆخەکە گۆڕا، بەتایبەتی لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی 2000دا، خوالێخۆشبوو سامی عەبدولڕەحمان، جێگری سەرۆکوەزیران، دەستی بە پڕۆژەی بونیادنانی ئەم پارکە گشتییە کرد. شوێنێک کە جێگەی سەرکوتکردن بوو، ئەمڕۆ بووەتە شوێنێک کە خەڵک و خێزانەکان بۆ کات بەسەربردن رووی تێدەکەن و وەرزشوانانیش لە دەوری پارکەکەدا رادەکەن."
سەفین دزەیی دەڵێ: "نزیکەی 5 بۆ 6 ساڵ لەمەوبەر، کۆنسووڵخانەی گشتیی هیندستان پەیوەندیی پێوە کردین کە حکومەتی هیندستان بڕیاری داوە پەیکەری (مەهاتما گاندی) لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا دابنێت و هەولێریش یەکێک بوو لەو شارانەی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرابوو. لێرە زۆر دوور نییە، لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە پەردە لەسەر پەیکەرەکە لادرا بە بەشداریی شاندێکی باڵای هیندستان."
"ئەمڕۆ ئەم پارکە بووەتە ماڵ بۆ پەیکەرەکەی گاندی و ئێستاش شکۆمەندین بە هەبوونی پەیکەری سەرکردەیەکی دیکەی مەزنی سەدەی 20ـەم. دەمەوێت سوپاسی روانگە و کاک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا بکەم بۆ پاڵپشتییەکانیان، بێگومان پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی شارەوانی و شارەوانیی هەولێریش بۆ دیاریکردنی شوێنێکی گونجاو تاوەکو پەیکەرەکەی تێدا دابنرێت."
سەفین دزەیی: شانازییە شارل دی گۆل لە هەولێر بێت
سەفین دزەیی دەڵێ: "جێگەی شانازییە کە شارل دی گۆڵ لێرە لە هەولێر بێت؛ دوو جەنەراڵ لە دوو کاتی جیاواز و دوو جوگرافیای جیاوازدا، بەڵام هەردووکیان بۆ نەتەوەکانیان جەنگاون و بەبێ دوودڵی سوور بوون لەسەر بەردەوامیدان بە خەباتەکەیان."
دەشڵێت: " شارل دی گۆڵ، پیاوێک بوو کە لە نێو سەرکردەکانی دیکەدا دیار بوو، نەک تەنیا لەبەرئەوەی باڵای نزیکەی 2 مەتر بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی خاوەن کاریزما، ئەفسەر و پیاوێکی بەڕێزی راستەقینە بوو. بڵاوکراوە ئەکادیمییەکانی لە ساڵانی بیست و سییەکاندا نیشانی دەدەن کە زۆر شارەزای بواری ئەکادیمی بووە، بەتایبەتی لە جەنگی هاوچەرخدا. کاتێک لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا بە دیل گیرا، پێموایە 5 جار هەوڵی راکردنی دابوو، هەر بۆیەش خرابووە ناو ژووری تاکەکەسی."
گوتارە مێژووییەکەی دی گۆل
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر گوتارێکی مێژوویی دی گۆل و دەڵێ: "لە 18ی حوزەیرانی 1940دا، گوتارەکەی زۆر مەزن و مێژوویی بوو بۆ هاندانی گەلی فەرەنسا بەرەو بەرخودان. ئەم گوتارە بەردی بناخەی یەکەم بەرخودانی دژ بە داگیرکاریی نازییەکان دانا. هەروەها یارمەتیدەر بوو بۆ کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکان لە دەوری خۆی کە پێشتر لە بەریتانیا بوون، بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی رزگارکردنی فەرەنسا و تەواوی ئەورووپا."
"ئەو هەروەها دەورێکی کاریگەری بینی لە چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی ناو فەرەنسا و دەرەوەی وڵاتەکەش وەک جەزائیر. ئەو دوایین سەرۆکی کۆماری چوارەم و یەکەم سەرۆکی کۆماری پێنجەم بوو."
نامە گۆڕینەوەکەی مەلا مستەفا و دی گۆل
سەفین دزەیی، باسی نامە گۆڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و شارل دی گۆل کرد و گوتی: "پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەی نێوان بارزانیی نەمر و جەنەراڵ دی گۆل، کاریگەریی هەبوو لەسەر بڕیارێکی دروست بۆ ئەوەی چەک بۆ عێراق نەنێردرێت، چونکە بڕیار بوو دژی ژنان و منداڵانی ئەم وڵاتە بەکار بهێنرێن."
"ئێمە شانازی دەکەین بەم دۆستایەتییەی کە توانیمان بونیادی بنێین لە سەردەمە سەختەکانی ساڵانی شەستەکاندا لەگەڵ جەنەراڵ دی گۆل و، دواتریش لەگەڵ سەرۆکەکانی وەک میتێران، سارکۆزی، هۆڵاند و ئێستاش لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن."
" ناونانی شوێنی گشتی بە ناوی فەرەنسییەکان و شەقامی پێشمەرگە لە پاریس"
سەفین دزەیی ئاماژە بەوە دەکات، "ناونانی شوێنی گشتی بە ناوی سەرکردە یان کەسایەتییەکی فەرەنسی شتێکی نوێ نییە؛ لێرە یەکتربڕینی دانیێل میتێرانمان لە هەولێر و لە سلێمانیش هەیە. هەروەها شکۆمەندین کە دوای چەند ساڵێک کارکردن لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و کۆنسووڵخانە و شارەوانیی پاریس، توانرا کۆڵانێک لە پارکی (ئاندرێ سیترۆن) لە دڵی پاریسدا بە ناوی پێشمەرگە بکرێت. سێپتەمبەری رابردوو سەرۆک مەسعود بارزانی لە پاریس بوو بۆ کردنەوەی ئەو شەقامەی بە ناوی پێشمەرگەوە ناونرا."
بۆ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانانی پەیکەرەکە بە نیشانەی پێزانین بۆ فەرەنسا لە قەڵەم دەدا و دەشڵێ: "هەم لەلایەن پاریسەوە بۆ هەولێر و هەم لەلایەن هەولێر و کوردستانەوە بۆ پاریس و فەرەنسا پێزانینە."
کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر: پەیکەرەکە بە پاڵپشتیی دەزگای روانگە دروستکرا
یان برێم، کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر، لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، 18ی حوزەیران، لێرە کۆبووینەتەوە بۆ پەردەلادان لەسەر پەیکەری جەنەراڵ شارل دی گۆل، کە لەلایەن پەیکەرتاش ئارام ناسر، قوتابیی پێشووی کورد لە فەرەنسا دروست کراوە. ئەم پەیکەرە بە پاڵپشتیی دەزگای روانگە دروست کراوە، کە لێرەوە سڵاو لە ئامادەبوونی دامەزرێنەری دەزگاکە، کاک ئیدریس بارزانی و بەرێوەبەری گشتی کاک حەسەن دەکەم. هەروەها بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی ئینستیتیوتی فەرەنسی لە هەولێر، بەتایبەتی کاک دەشتی سدیق و کۆنسووڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر."
"کۆبوونەوەمان لەم رێککەوتەدا (18ی حوزەیران) بۆ ئێمە مانایەکی زۆر گەورە هەڵدەگرێت. بۆ ئەوەی یادی کردەوەیەک بکەینەوە کە رەوتی مێژووی فەرەنسا و جیهانی گۆڕی؛ ئەویش بانگەوازەکەی جەنەراڵ شارل دی گۆلە."
یان برێم دەڵێ: "ئێمە لە ساڵی 1940داین؛ فەرەنسا لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە داگیر کراوە. وڵات تووشی شکستی سەربازیی کەمەرشکێن بووە؛ پاریس داگیر کراوە، وڵات دابەش بووە و هەموو ئەورووپا لە ژێر دڕندەیی نازییەکاندا دەلەرزێت. وا دەردەکەوێت فەرەنسا لەسەر ئەژنۆ کەوتبێت، بەڵام نەدۆڕابوو. لەم دۆخە دژوارەدا بوو کە جەنەراڵ دی گۆل لە لەندەنەوە بانگەوازەکەی راگەیاند: 'نابیێت بڵێسەی بەرخودانی فەرەنسا بکوژێتەوە و ناشکوژێتەوە'."
"ئەم قسانە کە لە رادیۆی (BBC) پەخش کران، دەربازی ئەو دیو کەناڵی ئینگلیز بوون و هیوایەکیان لە دڵی فەرەنسییەکاندا هەڵگیرساند. ئازادی خۆ بەدەستەوە نادات، بەڵکو بەرگری لە خۆی دەکات. بەرخودان چەمکێکی گەردونییە؛ سنوور، زمان و کولتوور دەبەزێنێت، ئەو کەسانە یەک دەخات کە ستەم رەت دەکەنەوە، لە هەر شوێنێکی جیهان بن."
کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر گوتی: "دوای شارەکانی لەندەن، بوخارست، کیبێک، برازاڤێل، داکار، وارسۆ، مۆسکۆ و پەکین؛ ئێستا لێرە لە هەولێر پەردە لەسەر پەیکەری جەنەراڵ لادەدرێت. ئەوەی کە ئەم رێوڕەسمە لێرە لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت، بۆ ئێمەی فەرەنسی مانایەکی زۆر گەورە هەڵدەگرێت؛ چونکە رووحی بەرخودان لە کوردستانیش هەیە. رووحی بەرخودان لە دژی بەربەرییەتی رژێمی سەدام حوسێن و، لەم دواییانەشدا لە دژی قێزەونیی تیرۆریستانی داعش."
دانانی نامەکەی مەلا مستەفا بارزانی لە تەنیشت پەیکەری دی گۆل
یان برێم دەڵێ: "ئەم گیانی خۆڕاگرییە بوو کە بووە ئیلهامبەخش بۆ ئەو بانگەوازەی کە جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە شوباتی ساڵی 1968دا لە نامەیەکی مێژووییدا ئاراستەی جەنەراڵ دی گۆل کرد؛ کە لە تەنیشت ئەم پەیکەرەی دی گۆل دانراوە. پێشەوا بارزانی لە نامەکەیدا نووسیویەتی: تۆ گەورەترین خەباتکاری بەرخودانی ئەورووپایت و نیشتمانەکەی خۆتت رزگار کرد، هەر بۆیە ناتوانیت هاوسۆز نەبیت بۆ ئەو بەرخودانە دژوارەی کە کوردەکانی چیا نشین لە باکووری عێراق ئەنجامی دەدەن. ئەمە پەیامی رێبەرێکی گەورەی کورد بوو بۆ خەباتکارێکی ئەو کاتی فەرەنسا کە دواتر بووە سەرۆککۆماری فەرەنسا، شارل دی گۆل."
دۆستایەتیی قووڵی نێوان کوردستان و فەرەنسا
دەشڵێت: "ئەم پەیکەرەی ئەمڕۆ پەردەی لەسەر لادرا و ئەم نامەیەی پێش 58 ساڵ نێردرا، بەهێزی و قووڵایی دۆستایەتیی نێوان فەرەنسا و کوردستان نیشان دەدەن. هەروەها ئاماژەیە بۆ ئاواتێکی هاوبەش بۆ ئازادی و روومەت، کە ئەم بەهایانە سەردەم و سنوورەکان دەبەزێنن."
برێم دەڵێ: "دەبێت لەبیرمان بێت کە بەرخودان خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە؛ بەرخودان زەوینەخۆشکەرە بۆ ئاشتەوایی. جەنەراڵ دی گۆل دوای جەنگ لە دژی رژێمی نازی، یەکەم کەس بوو کە راستەوخۆ دوای رزگاربوون، دۆستایەتیی فەرەنسا و ئەڵمانیای مۆر کرد. ئاشتەوایی هیوای ئاشتییە؛ ئاشتەوایی واتە هەڵبژاردنی رووکردن لە داهاتوو بەبێ لەبیرکردنی رابردوو."
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، لە کۆتایی گوتارەکەیدا گوتی: "هێزی راستەقینەی گەلێک تەنیا لە توانای خۆڕاگریدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لەو توانایەدا خۆی دەبینێتەوە کە پێکەوە هەستنەوە و پێکەوە داهاتوویەکی هاوبەش بونیاد بنێن. با لەبیرمان بێت کە بەرخودان هەڵبژاردنە؛ هەڵبژاردن بە مانای ئەوەی کە هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین. بەڵام ئاشتەوایی ئەرکە؛ واتە دەست درێژکردن بۆ پێکەوە بونیادنانی جیهانێک کە تێیدا چیدیکە ئازادی و روومەت نابنە ئیمتیاز، بەڵکو دەبنە ماف بۆ هەموو کەسێک."