رووداو - دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە، جووتیارانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی
شەپۆلێکی نوێی تاڵانی و هەڕەشە بوونەتەوە. چەکدارانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە
سەرێکانییەوە دەچنە ناو زەویی گەنم و جۆکانی دەوروبەری حەسەکە و بە زەبری چەک داوای
25 لە سەتی بەرهەمەکە دەکەن، یان رێگری لە دروێنەکردن دەکەن و دەست بەسەر هەموو
ماندووبوونی جووتیاراندا دەگرن.
ماڵباتی "ساڵح عەبدۆ" کە 950 دۆنم زەوییان هەیە، یەکێکن لە قوربانییەکانی ئەم ساڵ.
ئەوان کە بەهیوای بەرهەمی ئەم وەرزە بوون، ئێستا تەنیا خەم و زیانیان بۆ ماوەتەوە.
ساڵح عەبدۆ، جووتیار و خاوەن زەوی، لەبارەی شێوازی تاڵانکردنی گەنمەکەیان بە
رووداوی گوت: "ئێمە لە ساڵی 1978ـەوە لەم زەوییەداین و سوودمەندبووین،
لەو کاتەوە بەرهەمی باشی نەبووە، بەڵام ئەم ساڵ کە بەرهەمێکی نایابی
هەبوو، بە زۆر دەستیان بەسەردا گرت. جۆکەیان برد و گەنمەکەش هێشتا نەدروێتراوە؛
دێنە سەر دەڕاسە لە ناو زەوییەکەماندا و دەڵێن 'ئەمە هی ئێمەیە'،
دەڵێن نابێت بەرهەمەکە بدەنە خاوەن زەوییەکان، تەنیا خەرجییەکەتان هەڵبگرن و ئەوەی
تر هی ئێمەیە."
29 خێزان لە یەک گونددا بێبەش کراون تەنیا لە گوندی "غەنامییە"، 29 خێزان دووچاری
ئەم ستەمە بوونەتەوە. چەکدارەکان دەستیان بەسەر پێنج هەزار و 600 دۆنم زەویدا
گرتووە. ئەوان سکاڵایان گەیاندووەتە لای پارێزگاری حەسەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ سوود
بووە.
مەحموود برۆ، یەکێکی دیکە لە خاوەن زەوییەکان، دەڵێت: "ئەمە بەڵگەی 28 خێزانە کە
دەوڵەتی سووریا زەویی پێداون لەبری ئەو زەوییانەی لێیان زەوتکرا و درا بە
عەرەبە هاوردەکان. ئێستا ئەوان بە چەک و هەڕەشە هاتوونەتە سەر
زەوییەکانمان. بەپێی قسەی خاوەن پاتۆزەکان، چەکدارەکان بە چەکی
ئامادەکراوەوە وەستاون، واتە ئەگەر فەرمانەکەیان جێبەجێ نەکرێت،
دەمانکوژن. بەرهەمەکەیان برد و پێیان گوتین: 'با ساڵی داهاتوو کەس نەیەتە سەر
ئەم زەوییانە'."
رەگی کێشەکە؛ 'کەمەربەندی عەرەبی' کێشەی ئەم زەوییانە بۆ پڕۆژەی شۆڤێنیی
"کەمەربەندی عەرەبی" دەگەڕێتەوە کە حکومەتی سووریا لە
نێوان ساڵانی 1973 تاوەکو 1976 جێبەجێی کرد. لەو کاتەدا 70 هەزار هێکتار زەویی
کورد زەوتکرا و درا بە چوار هەزار خێزانی عەرەبی هاوردەی رەقە تاوەکو لە
رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بکرێن.
دواتر لە چوارچێوەی سیستەمی "ئینتیفاع" (مافی سوودمەندبوون)، حکومەت هەندێک زەویی
دیکەی لە شوێنی جیاواز وەک قەرەبوو دایە جووتیارانی کورد، بەڵام ئێستا ئەو
چەکدارە عەرەبانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک سەرێکانی نیشتەجێن، چاویان
بڕیوەتە ئەو زەوییە قەرەبووانەش و دەیانەوێت جوتیارانی کورد بە تەواوی لەسەر خاکەکەیان
دەربکەن.


