رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بەناوی یونس عەبدولڕەحمان، دوای 12 کاژێر لە دیارنەمانی، بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 28-05-2024، تەرمەکەی لە کەناراوەکانی بەنداوی دووکان لە سنووری ناحیەی چوارقوڕنە دۆزرایەوە
دوای بردنەوەی تەرمەکە بۆ ماڵی یونس عەبدولڕەحمان باوکی یونس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کوڕەکەی کاژێر 11:30ـی بەیانی لە ماڵ دەرچووە و ئەوان وا تێگەیشتوون کە دەچێتە ماڵی خزمێکیان لە نزیک خۆیان.
عەبدولڕەحمان محەممەد، باوکی یونس، دەڵێت: "تاوەکو کاژێر 03:00 بۆ 04:00ـی ئێوارە لە هیچ شوێنێک دیار نەبوو. دواتر کەسێک پێی گوتین کە سێ منداڵی بینیوە و یەکێکیان تەورێکی پێبووە. منداڵەکەی منیش تەورێکی پێبوو، گوتبووی دارێک لەو ناوچەیە هەیە و دەچێت دەیهێنێتەوە."
شوێنی رووداوەکە رێگەیەکی خۆڵ و دوور لە ئاوەدانییە. یونس و دوو هاوڕێی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە ماڵەکەیانەوە دوورکەوتوونەتەوە تاوەکو گەیشتوونەتە سەر دەریاچەکە و لەوێ خنکاوە.
ئیبراهیم محەممەد، مامی یونس، بە رووداوی گوت: "کە لەو ناوچەیە گەڕاین، نەعلەکانیمان لێرە دۆزییەوە و گومانمان کرد کە لێرە خنکابێت، چونکە شوێنپێی منداڵەکان دیار بوو. لەگەڵ منداڵێکی دراوسێمان بوو، چووین قسەمان لەگەڵ منداڵەکە کرد، هەرچەندە ترسابوو، بەڵام قەناعەتمان پێکرد و گوتی، لەگەڵمان بوو، هات مەلەی کرد و دواتر لەبەرچاوم ون بوو."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، لە سەرەتای ئەمساڵەوە شەش کەس لە سنوورەکە لەنێو زێ، دەریاچە و گۆماوەکاندا خنکاون. زۆربەی قوربانییەکانیش ئەو کەسانە بوون کە بۆ مەلەکردن روویان لەو شوێنانە کردووە، بەڵام شارەزای مەلەکردن نەبوون.

