رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لەپیرمام پێشوازی لە ئاکسل ڤێش، باڵیۆزی نوێی نەمسا لەعێراق کرد و رایگەیاند، پشتیوانی لەهەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی لەدیدارەکە دا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسی، دواپێشهاتەکانی ناوچەکە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق و ئالنگارییەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق کراوە.
لەبارەی دۆخی نێوخۆی عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردەوە بۆ "تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە عێراق."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە دا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەپەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا کردووە و رایگەیاندووە: "سوپاسی گەل و حکومەتی نەمسا دەکەین کە لەڕۆژانی تەنگانەی شۆڕش دا هاوسۆز و یارمەتیدەری گەلی کوردستان بوون."
بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لەدیدارەکە دا جەخت لەفراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی نەمسا و هەرێمی کوردستان لەبوارەکانی ئابووری و گەشتوگوزار دا کراوەتەوە.


