رووداو دیجیتاڵ
د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت: "خوێندکارانی قۆناخی یەکەم پێویستە لە دوو هەفتەدا لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەست بە دەوام بکەن."
د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن، پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، نزیکەی 180 بەش کەمتر لە 15 خوێندکار داواکاری وەرگرتنیان پێشکەش کردووە. هەندێک بەش تەنانەت یەک خوێندکاریشیان بۆ نەچووە.
د. خەتاب ئەحمەد راشیگەیاند " لە سبەینێوە خوێندکاران دەتوانن بچنە زانکۆکان و مامەڵەکانیان بکەن و ناویان بۆ سەرجەم زانکۆکان چووە."
لەبارەی خواستی خوێندکاران بۆ وەرگیرانیان لە بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان، د. خەتاب ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد ئەم ساڵ خواست لەسەر بەشە پزیشکییەکان و بەشە ئەندازیارییەکان زۆر بووە، لەسەر ئاستی بەشی وێژەییش بەشی یاسا بە بەرزی ماوەتەوە و خواستی زۆری لەسەر بووە، بەڵام خواست لە سەر خوێندنی زمانەکان و بەتایبەت بەشی زمانی کوردی کەمیکردووە.
بەگوتەی د.خەتاب ئەحمەد، کەمبوونەوەی خواستی خوێندکاران لەسەر بەشەکان پەیوەندی بە نەبوونی دەرفەتی کارەوەیە لە دوای دەرچوونیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
رووداو: کەی مامەڵەی وەرگرتنی قۆناخی یەکەم و دەستپێکی خوێندنیان دەبێت؟
د. خەتاب ئەحمەد: خوێندکاران دەتوانن لە سبەیەوە پەیوەندی بەو زانکۆ و پەیمانگەیانەوە بکەن کە ناویان لێی دەرچووە، چونکە ناوەکان لە بەردەستی زانکۆکانە. هەوڵ دەدەین هەفتەی داهاتوو خوێندن دەست پێبکات، بەڵام ئەمە بەندە بەوەی خوێندکاران چەند بەخێرایی پەیوەندی دەکەن. ئەگەر پێویست بکات، رەنگە هەفتەیەک وادەکە درێژ بکەینەوە، بەڵام دەبێت قۆناخی یەکەم لەوە زیاتر دوا نەکەوێت.
رووداو: دابەزین و گواستنەوەی خوێندکاران کەی دەستپێدەکات؟
د. خەتاب ئەحمەد: پڕۆسەی گواستنەوە و دابەزین لە سبەیەوە ئامادەیە. خوێندکار سەرەتا دەبێت پەیوەندی بەو شوێنەوە بکات کە لێی وەرگیراوە، دواتر لە رێگەی سیستمی زانکۆلاین لە هەمان زانکۆوە، داوای گواستنەوە بۆ ئەو بەش و زانکۆیەی دەیەوێت پێشکەش دەکات.
رووداو: بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 27 هەزار کورسی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بە بەتاڵی ماونەتەوە، هۆکار چییە؟
د. خەتاب ئەحمەد: چەند ساڵێکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆکان، توانای وەرگرتنمان بۆ زۆرترین رادە بەرزکردووەتەوە و بەشی نوێ کراونەتەوە. پلانی ستانداردی زانکۆکان نزیکەی 35 هەزار خوێندکارە، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی دەرچووانی پۆلی 12 لە ساڵانی رابردوو، گوشارمان کردووە و پلانەکەمان بەرزکردووەتەوە. ئەمساڵ هەرچەندە ژمارەی دەرچووان کەمتر بوو (40,716 خوێندکار)، بەڵام لەسەر راسپاردەی وەزیر، پلانەکەمان کەم نەکردەوە، بۆیە ئەم ژمارە زۆرەی کورسی بە بەتاڵی ماوەتەوە.
رووداو: ئایا رووکردنە زانکۆ تایبەتەکان زیاتر نەبووە؟
د. خەتاب ئەحمەد: نەخێر، پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ رووکردنە زانکۆ تایبەتەکان زۆر کەمتر بێت، چونکە نمرەی وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ساڵانی پێشوو، کاتێک نمرەکان بەرز بوون، ئەو خوێندکارانەی بە دڵی خۆیان لە حکومی وەرنەدەگیران، روویان لە زانکۆ تایبەتەکان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ ئەمە کەمتر دەبێت.
رووداو: چارەنووسی ئەو 317 خوێندکارە چییە کە داواکارییان رەتکراوەتەوە؟
د. خەتاب ئەحمەد: ئەمە دۆخێکی ئاساییە و ساڵانە روودەدات. ئەو خوێندکارانە چەند بەشێکی دیاریکراویان هەڵبژاردووە کە نمرەکانیان بۆ وەرگرتن تێیاندا بەرز بووە و کورسییەکان بە خوێندکاری نمرە بەرزتر پڕ بوونەتەوە. بەڵام لە رێگەی سیستمی تانەدان (ئیعتراز)، سیستەمەکە ئەو بەشانەیان بۆ پیشان دەدات کە نمرەکانیان دەیانگرێتەوە و دەتوانن یەکێکیان هەڵبژێرن و وەربگیرێن.
رووداو: ئەمساڵ خواست زیاتر لەسەر کام بەشانە بووە؟
د. خەتاب ئەحمەد: وەک ساڵانی پێشوو، زۆرترین خواست لەسەر کۆمەڵەی پزیشکی (پزیشکی گشتی، ددانسازی، دەرمانسازی) و پاشان بەشە ئەندازیارییەکانە. پێوەر نمرەی خوێندکارە، بۆ نموونە رەنگە لە کۆلێژەکانی پزیشکی و ددانسازی هیچ کورسییەکی بەتاڵ نەمابێت.
رووداو: بۆ بەشە وێژەییەکان کامانەن کە خواستیان لەسەرە؟
د. خەتاب ئەحمەد: پێشتر بەشی یاسا خواستی زۆری لەسەر بوو و ئێستاش هەر بەردەوامە. بەڵام لەم دواییانەدا بەشەکانی وەک بەڕێوەبردنی کار (Business Management) و بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی خواستیان زیادی کردووە.
رووداو: بەشەکانی ژیریی دەستکرد چۆنن و ئاییندەیان چۆنە؟
د. خەتاب ئەحمەد: نمرەی وەرگرتن لەم بەشانە بەپێی کۆلێژەکان دەگۆڕێت، لە کۆلێژی زانست لە دەوروبەری 80کانە و لە ئەندازیاری بەرزترە. ژیریی دەستکرد بووەتە بواری سەرەکیی هەموو جیهان و خواستێکی زۆری لە بازاڕی کاردا هەیە. دڵنیام دەرچووانی ئەم بەشانە دەرفەتی کاری زۆر باشیان دەبێت، چونکە تائێستا دەرچووی ئەکادیمیی تایبەت بەم بوارەمان لە کوردستان نییە.
رووداو: کام بەشانە کەمترین خواستیان لەسەر بووە؟
د. خەتاب ئەحمەد: نزیکەی 180 بەشمان هەیە کە کەمتر لە 15 خوێندکاریان بۆ چووە. هەندێک بەش تەنانەت یەک خوێندکاریشیان بۆ نەچووە. ئەمە پەیوەندیی راستەوخۆی بە بازاڕی کارەوە هەیە. بۆ نموونە، کۆلێژی کشتوکاڵ، کە یەکێکە لە گرنگترین کۆلێژەکان، چەندین ساڵە خواستی لەسەر زۆر کەمە، لە کاتێکدا دەبوو گرنگیی زۆری پێبدرێت.
رووداو: ئەو بەشانەی کەمتر لە 10 خوێندکاریان هەیە دادەخرێن؟
د. خەتاب ئەحمەد: ئەو بەشانەی کەمتر لە 10 یان 5 خوێندکاریان هەیە، رەنگە نەتوانین رێگەیان پێبدەین بەردەوام بن. لەو حاڵەتەدا، داوا لە خوێندکارەکان دەکەین لە ماوەی دیاریکراودا شوێنەکەیان بگۆڕن بۆ بەشێکی دیکە.
رووداو: خواستی خوێندکاران بۆ بەشەکانی زمان چۆنە، بەتایبەت زمانی کوردی؟
د. خەتاب ئەحمەد: بەداخەوە، بەشەکانی زمانی کوردی و عەرەبی لەو بەشانەن کە خواستیان لەسەر کەمە. ئەمە پەیوەندیی بە زمانی کوردییەوە نییە وەک زمانی دایک، بەڵکو پەیوەندیی بە دەرفەتی کارەوە هەیە. زۆربەی دەرچووانی بەشەکانی زمان، مێژوو، جوگرافیا و کۆمەڵناسی چاویان لە دامەزراندن بوو وەک مامۆستا، بەڵام چەند ساڵێکە تەنیا دەرچووانی کۆلێژەکانی پەروەردە دادەمەزرێن، بۆیە خواست لەسەر ئەم بەشانە کەم بووەتەوە. لەنێو زمانەکاندا، بەشی ئینگلیزی هێشتا خواستی لەسەر ماوە.
رووداو: ژمارەی وەرگیراوان لە کۆمەڵەی پزیشکی چەندە؟
د. خەتاب ئەحمەد: بەگشتی 1,867 خوێندکار لە کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆ حکومییەکان وەرگیراون، کە بەمجۆرە دابەش بوون: پزیشکی گشتی: 1,127 خوێندکار، پزیشکیی ددان: 371 خوێندکار و دەرمانسازی: 369 خوێندکار
رووداو: کەی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی ناوچەکان کوردستانییەکان رادەگەیێندرێت؟
د. خەتاب ئەحمەد: بەغدا هەمیشە ئەنجامەکانی دوای ئێمە رادەگەیەنێت. ئێمە 2,700 فۆرممان لە کەرکووک، شنگال و خانەقین دابەش کردووە. لە چەند رۆژی داهاتوودا سیستمی زانکۆلاینیان بۆ دەکەینەوە تاوەکو داواکاری پێشکێش بکەن. ئەوانیش دەچنە نێو کێبڕکێوە و بەپێی نمرەکانیان وەردەگیرێن، بە مەرجێک نمرەیان لەو نمرانە کەمتر نەبێت کە ئێستا بۆ وەرگرتن دیاریکراون.
رووداو: ئایا خوێندنی ئێواران بەردەوام دەبێت؟
د. خەتاب ئەحمەد: خوێندنی ئێواران لە هەندێک زانکۆ و پەیمانگە ماوە، بەڵام وەزارەت نیازی نییە فراوانی بکات، چونکە لە رووی کوالیتییەوە ناگاتە ئاستی خوێندنی بەیانیان. لە ساڵی 2016 یان 2017 بڕیاردرا خوێندنی ئێواران لە زۆر شوێن دابخرێت. لەبری ئەوە، هەندێک زانکۆ وەک زانکۆی دهۆک، سیستمی درێژکردنەوەی دەوامیان پەیڕەو کردووە لە 8ی بەیانی تاوەکو 8ی ئێوارە، کە رێگە دەدات خوێندکاری زیاتر وەربگرن بەبێ ئەوەی ناوی خوێندنی ئێواران بێت.



