رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ بە ناوی سەنعان عەبدولڕەحمان، دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە برینداری لە نزیک شەقامی هەولێر-شەقڵاوە دۆزرایەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
کوژرانی پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ بە ناوی سەنعان عەبدولڕەحمان، بووە هەواڵی گەرمی رۆژی دووشەممە لە هەولێر. سەنعان، دانیشتووی گوندی براغە بوو لە سنووری ناحیەی بەستۆرە.
سەنعان عەبدولڕەحمان، کاژێر 7:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2024، بە برینداری لە نزیک شەقامی سەرەکیی هەولێر–شەقڵاوە دۆزرایەوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کاژێر 2:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە گیانی لەدەستدا.
سەمەد عەبدولڕەحمان، برای سەنعان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە ساتوور لێیدرابوو، ساتیریان لە پشتەسەر و سنگی دابوو، دەستێکی شکابوو و دەستێکیشی هەڵکۆڵرابوو." گوتیشی، "کێشەی لەگەڵ کەس نەبوو، بەردەوام خەریکی گەشت بوو، هەندێکجار جوتیاری دەکرد لەگەڵ برایەکم."
بە گوتەی ئیبراهیم ئەبوبەکر کە دۆستێکی 25 ساڵەی سەنعانە، دوایین جار کاژێر 6:00ـی ئێوارەی دوێنێ لە ماڵی ئەوان بووە و پێیگوتووە، "دەچم بۆ سەردانی خاڵم."
ئیبراهیم ئەبوبەکر، دەڵێت، "بەپێ رۆیشت، کە چووەتە سەر شەقامی توونێل، لەوێوە نازانم بە چ شێوازێک سەر ئۆتۆمبێل کەوتووە و بە نزیکەی 300 بۆ 400 مەتر لە گوندی ئێمە خوارتر لێیانداوە."
لەسەر رووداوەکە، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "دوێنێ شەو لە نزیک گوندی بانەمان، سەنعان عەبدولڕەحمان بە برینداری لە شوێنێکی چۆڵەوانی دۆزرایەوە و دەستبەجێ گەیێندرایە نەخۆشخانە، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بۆ رووداوەکە دەستیپێکردووە."
ئەمە دووەم رووداوی کوشتنە کە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە هەولێر روویداوە.



