رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای حەویجە چەکداری نەناسراو پەلاماری خاڵێکی پشکنینی فەوجی سێی لیوای 9ـی پۆلیسی فیدراڵیان دا، بەوهۆیەوە سەربازێک کوژرا و سێی دیکەیش بریندارن.
رووداوەکە کاژێر 20:00 بووە لە گوندی بورغیلیەی سەر بە حەویجە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو هێرشەکە بە چەکی نیشانەشکێن کراوە.
لە هێرشەکەدا پۆلیسێک بە ناوی بەکر ماجد محەممەد بریندار بووە و دوای ئەوەی دەیگەیێننە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کامێراکانی دووربینی شەوانەی هێزەکان شکێندراون. هەروەها پۆلیسی فیدراڵی تەقەیەکی زۆریان بەو ناوەدا کردووە بەڵام دیار نییە ئامانجەکەیان پێکاوە یان نا.
دوای رووداوەکە هێزی زیاتری پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی ناوچەکە کراوە.


