Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

کوردستان

دیبەیتی عەلی حەمەساڵح و عەزیز ئەحمەد لەسەر کارەبا، هەژماری من و ئی پسوولە

سۆران حوسێن

سۆران حوسێن

08-10-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
سۆران حوسێن
سۆران حوسێن08-10-2026

بابەتی پەیوەندیدار

پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە
کوردستان20-10-2026

پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە

خستنەڕوو زۆرە و خواست کەمە، پێشبینی هەرزانبوونی بەنزین دەکرێت
کوردستان19-10-2026

خستنەڕوو زۆرە و خواست کەمە، پێشبینی هەرزانبوونی بەنزین دەکرێت

لە جوانڕۆ لەسەر نۆرەی ئاودێری شەڕ روویدا و کەسێک کوژرا
کوردستان19-10-2026

لە جوانڕۆ لەسەر نۆرەی ئاودێری شەڕ روویدا و کەسێک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست و جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیبەیتێکی تەلەڤزیۆنیدا لە تۆڕی میدیایی رووداو رووبەڕووی یەکدی گفتوگۆیان کرد، نرخی کارەبا، داهات و خەرجییەکانیان تاوتوێکرد.


دیبەیتی نێوان عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست و عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 08-10-2026، لە بەرنامەی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن پێشکێشکار سەنگەر عەبدولڕەحمانەوە بەڕێوەبرا.

بۆچوونی جیاواز لەسەر نرخی پڕۆژەی رووناکی

لە دەستپێکی دیبەیتەکەدا، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رەخنەی تووندی لە نرخی کارەبا لە پڕۆژەی رووناکیدا گرت و رایگەیاند: "نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی زۆر گرانە و بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بژێویی خێزانەکان یەکناگرێتەوە. لە هەرێمی کوردستان سەتان خێزان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ناتوانن ئەم بارگرانییە داراییە هەڵبگرن."

عەلی حەمەساڵح گوتی، بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخەوە، هاووڵاتی ناتوانێت کارەبا وەکو پێویست بەکاربهێنێت؛ گوتیشی: "نرخەکە هێندە بەرزە کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دۆخی ژیانی خەڵک بەراورد نەکراوە؛ بۆ نموونە هاووڵاتییەک لە پێنجوێن و چۆمان، کە لە وەرزی زستاندا کەشوهەوای ناوچەکەیان زۆر ساردە، بەرمیلێک نەوت بە 250 هەزار دینارە و ناتوانن پێنج بۆ شەش بەرمیل بکڕن، ناشتوانن مانگانە 250 هەزار دینار تەنیا بدەنە پارەی کارەبا. ئەگەر سەتان هەزار خێزان توانای دانی ئەو پارەیەیان نەبێت، کارەباکەیان دەبڕدرێت، لە کاتێکدا خەڵک پارەی پاشەکەوتی مووچەی لای حکومەتە و حکومەت ناتوانێت پێیان بداتەوە."


لە بەرامبەر ئەمەدا، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت هاوکاریی هاوبەشانی کردووە و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 450 ملیار دیناری وەکو داشکاندن بۆ هاوکاریکردنی هاوبەشان خەرج کردووە. داتاکان ئەوە دەسەلمێنن کە زۆرینەی بەشداربووان لە پڕۆژەی رووناکیدا ئێستا پارەیەکی کەمتر لە قۆناخی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە بۆ دەگەڕێتەوە."

عەلی حەمەساڵح: کارەبای بەرهەمهێنراو 3000 مێگاوات و نرخی کراوەتە چوار هێندە

عەلی حەمەساڵح بەراوردی بڕی بەرهەمهێنانی پێشوو و ئێستای کارەبای کرد و رایگەیاند: "پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 3000 مێگاوات کارەبای دابەش دەکرد بەسەر هاووڵاتییاندا. ئەم 3000 مێگاواتە رۆژانە بە 8 بۆ 14 کاژێر دەدرا بە ماڵان، کەچی ئێستا هەمان بڕی کارەبایان گران کردووە و نرخەکەیان بۆ چوار هێندە بەرزکردووەتەوە بێ ئەوەی بەرهەمهێنان زیادی کردبێت."

بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست باسی لە دۆخی خەڵک کرد و گوتی: "زیاتر لە 100 هەزار خێزان لە کوردستان لەژێر هێڵی هەژاریدان. نزیکەی 100 هەزار ئافرەتی بێ هاوسەرمان هەیە کە ماوەی 11 ساڵە مووچە 100 هەزار دینارییەکەیان بڕاوە. ئافرەتێک کە کرێچی بێت و منداڵی نەخۆشی هەبێت، توانای نەدانی پارەی کارەبای نەبێت بۆچی دەبێت کارەباکەی ببڕن؟ لە کاتێکدا ئێمەی مووچەخۆر پارەمان لای حکومەتە و نامانداتەوە، ناشیکاتە بری قەرزی کارەبا".


20%ی داهاتی کارەبا بۆ وەزارەتی داراییە

عەلی حەمەساڵح پرسیاری ئەوەی لە عەزیز ئەحمەد کرد، کە نزیکەی 110 ملیار دینار داهاتی مانگانەی پڕۆژەی رووناکییە بۆ کوێ دەڕوات؟.

عەزیز ئەحمەد وەڵامی پرسیارەکەی لەبارەی داهات دایەوە و روونیکردەوە: "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردراوە 80٪ـی داهاتی کارەبا بۆ خودی سێکتەری کارەبا تەرخان بکرێتەوە و 20٪ـەکەی دیکەی بدرێتە وەزارەتی دارایی. لە سێ مانگی رابردوودا داهاتی کارەبا و پڕۆژەی رووناکی 396 ملیار دینار بووە. ئەگەر مانگانە زیاتر لە 100 ملیۆن دیناریش داهات هەبێت بۆ بەرهەمهێنان و چاکسازیی کارەبا خەرج دەکرێتەوە."

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە: "داهاتی مانگانەی پێشبینیکراو 110 بۆ 120 ملیار دینارە. لەو بڕە، مانگانە بە تێکڕا 40 ملیۆن دۆلار دەدرێتە کۆمپانیای دانە گاز بۆ کڕینی گاز، لەگەڵ 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، تەواوی ئەو پارەیەش بۆ سێکتەرەکە، ژێرخان و بەرهەمهێنان خەرج دەکرێتەوە. بەهۆی سیستمی ئی پسوولەشەوە، داهاتی کارەبا بەردەوام بە روونی و شەفافی لەبەردەستدایە و داهاتی سێ مانگی رابردووی کارەبا و کۆکردنەوەی قەرزە کۆنەکان نایاب بووە بۆ سێکتەرەکە."

عەزیز ئەحمەد دانی بەوەدا نا کە بەهۆی کێشە داراییەکان لەگەڵ بەغدا، حکومەت لە ناچاریدا پەنای بۆ داهاتی کارەبا بردووە و گوتی: "ئەم ساڵ بەهۆی ئەوەی بەغدا ئەو 120 ملیار و 60 ملیارەی دەبڕی، چوار بۆ پێنج جار وەزارەتی دارایی سوودی لە داهاتی کارەبا وەرگرتووە تاوەکو بتوانێت کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە."


عەلی حەمەساڵح وەڵامی ئەوەی دایەوە و گوتی: "تۆ ناتوانیت کارەبا وەکو باج سەیر بکەیت! لە کام وڵاتی جیهاندا کارەبا بەمشێوەیەیە؟ کارەبا خزمەتگوزارییە و دەبێت حکومەت پاڵپشتیی بکات نەک قازانجی لێ بکات".

عەزیز ئەحمەدیش گوتی: "من بۆ ئەم قسەیە لەگەڵ رای کاک عەلیم و پێم باشە 100٪ـی داهاتی کارەبا بۆ خودی کارەبا خەرج بکرێت، بەڵام ئەگەر ئێستا ئەو بڕیارە بدەین، وەزارەتی دارایی و پارێزگاکان پەکیان دەکەوێت و دەڵێن پارێزگاکان دەڕووخێن چونکە داهاتمان نییە."

کێشەی قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و هاوکێشەی دانە گاز

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بە قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و گوتی: "حکومەت لە ماوەکانی رابردوودا پارەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبای نەداوە. حکومەت نزیکەی 10 ملیار دینار پارەی کارەبای کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان قەرزدارە و لەو داهاتەش کە وەری دەگرێت نەیداوەتەوە. دانە گاز خۆی دەڵێت 500 ملیۆن دۆلار قەرزم کەڵەکە بووە لەسەر حکومەت. تۆ کارەبا لە کۆمپانیای ماس بە 42 دینار دەکڕیت و بە 188 دینار دەیدەیتە خاوەن کارگە و هۆتێلەکان، کەچی پارەکەش نادەیتەوە".

عەزیز ئەحمەد لە وەڵامدا باسی لە سیستمێکی نوێ بۆ دانەوەی شایستە داراییەکان کرد و گوتی: "ئێستا هیچ پارەیەک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەرناگیرێت کاتێک کارەبا هەناردە دەکن، لە جیاتی ئەوە پشکی حکومەت دەخرێتە سەر هەژماری کۆمپانیاکان لەبری پارەی ئەو کارەبایەی بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنن. ئەم ساڵ ئەو کۆمپانیایانەی کارەبا هەناردە دەکەن، یەک دیناریشیان نەداوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان."

عەزیز ئەحمەد سەبارەت بە کۆمپانیای دانە گاز روونیکردەوە: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 500 ملیۆن دۆلار قەرزداری کۆمپانیای دانە گازە، چونکە دانە گاز مانگانە 40 ملیۆن دۆلار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت؛ هەفتەی رابردووش 40 ملیۆن دۆلاری دوو مانگ لەمەوبەرمان دایە دانە گاز. رۆژانە 640 مەقمەق گاز بەرهەم دێت، ئێمە مانگانە 40 ملیۆن دۆلار دەدەینە دانە گاز بۆ گازی کارەبا و گازی ماڵان. ناتوانین 100 بۆ 110 ملیۆن دۆلاری مانگانە بدەینە سێ کۆمپانیای بەرهەمهێنان، لە جیاتی ئەوە رێگەیان پێ دەدەین هەناردە بکەن تاوەکو داهاتەکەی راستەوخۆ بۆ خۆیان بێت لەبری پشکی حکومەت. شایستە داراییەکانی ساڵی 2026ـی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەباش لە پارەی هەناردەی گاز دراوەتەوە بە کۆمپانیاکان."

لە بەشێکی دیکەی دیبەتەکەدا عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد، هاووڵاتییان لە هەولێر لە ماوەی مانگێکدا پارەی چوار کارەبایان داوە و گوتی: "ئێوە نەتانگوت خەڵک رزگاری دەبێت و تەنیا یەک پارەی کارەبا دەدات؟ کەچی مانگی رابردوو خەڵک پارەی کارەبای سەرەکی، دوو جار مۆلیدە بە جیاوازیی 20 رۆژ، لەگەڵ پارەی کارەبای کۆنیشی داوە! من کە 50 هەزاری تۆ قەرزدار بم دەڵێیت کارەبات دەبڕم، کەچی حکومەت 40 ملیۆن دیناری پاشەکەوتی منی لایە و نایداتەوە، ئەمە کوێی دادپەروەرییە؟".

عەزیز ئەحمەد: پێشنیاز دەدەینە حکومەت داشکاندن بۆ پارەی رووناکی بکات


لە بەرامبەردا، عەزیز ئەحمەد بە فەرمی داوای لێبوردنی لە هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند: "لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا نەمانتوانی وەکو پێویست کارەبای 24 کاژێری دابین بکەین لە هەولێر و دهۆک، من بەداخەوەم و داوای لێبوردن لە هاوبەشانی رووناکی دەکەم. بۆ زستانی داهاتووش، وەک تیمی رووناکی پێشنیازمان هەیە کە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرز دەکەینەوە تاوەکو قەرەبووی ئەو سێ مانگەی رابردووی هاووڵاتییان بکرێتەوە لە پارەی پسوولەکانی داهاتوو. تاوەکو ئێستاش 450 ملیار دینار داشکاندن لە پڕۆژەی رووناکیدا بۆ هاووڵاتییان کراوە."

عەزیز ئەحمەد بەڵێنی ئەوەشی دا کە تاوەکو پێش کۆتایی ساڵی 2026، پڕۆژەی رووناکی دەگاتە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

بەراوردی پڕۆژەی رووناکی و مۆلیدە؛ مشتومڕ لەسەر خەرجی و داهاتی تاک

تەوەرەیەکی دیکەی دیبەیتەکە بەراوردکردنی تێچووی پڕۆژەی رووناکی بوو لەگەڵ مۆلیدەی ئەهلی. عەزیز ئەحمەد ئاماری خستەڕوو کە پێش پڕۆژەی رووناکی، زۆرینەی ماڵان تەنیا 4.2 ئەمپێری مۆلیدەیان هەبووە بە نزیکەی 40 هەزار دینار، لەگەڵ 10 بۆ 15 هەزار دیناری کارەبای نیشتمانی کە کۆی گشتیی دەکردە 50 هەزار دینار، بەڵام "ئێستا زۆرینەی هاوبەشانی رووناکی مانگانە تەنیا 38 هەزار دینار دەدەن بۆ کارەبای 24 کاژێری، واتە خەرجییان لە جاران کەمتر بووەتەوە، ئەمەش بەپێی داتای فەرمیی پێوەری زیرەکە نەک قسەی سەرپێیی."

عەزیز ئەحمەد گوتیشی: "بەپێی دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، داهاتی خێزان لە کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن دینار ئەژمار کراوە. پێش رووناکی باری دارایی ئەو 100 هەزار خێزانە هەژارە زۆر قورستر بوو چونکە مۆلیدەیان دەکڕی. لە پڕۆژەی رووناکیشدا دادپەروەری هەیە؛ پێشتر دەوڵەمەندەکان لە ڤێلا و مەزرەعەکانیاندا بە هەمان نرخی هەژار کارەبایان بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستا بەپێی سەرفیات پارە دەدەن و 80٪ـی هاوبەشانی کارەبا ئێستا پارەی کەمتر لە جاران دەدەن".

عەلی حەمەساڵح بە تووندی ئەم بەراوردەی رەتکردەوە و گوتی: "گەورەترین هەڵەی جەوهەریی ئێوە ئەوەیە حکومەت خۆی بەراورد دەکات بە مۆلیدەیەکی کۆن و بەنزینخۆر کە لە گەڕەک دانراوە! ئەسڵەن ئەمە وەک ئەوە وایە ملیاردێرێک خۆی بەراورد بکات بە کرێکارێک! لە وڵاتانی جیهان نرخی کارەبا بەپێی داهاتی تاک دیاری دەکرێت کە 3٪ بۆ 4٪ـی داهاتە؛ کەچی لێرە هاووڵاتییەک لە هەڵەبجەی تازە یان دەشتی هەولێر مووچەکەی 300 هەزارە، 55 هەزار پارەی نیشتمانی و 50 هەزار مۆلیدەی داوە، واتە 105 هەزار دینار کە دەکاتە 33٪ـی تەواوی داهاتەکەی! کەسێک بە 200 هەزاری تر چۆن بژی؟ ئافرەتێکی بێهاوسەر کە مووچەکەی 100 هەزارە و 11 ساڵە بڕاوە، ئەگەر 47 هەزار دینار نەدات کارەباکەی دەبڕن، ئەمە چۆن دەبێت؟"

عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەی رووناکی بۆ فەراهەمکردنی کارەبای بەردەوامی 24 کاژێرییە بەپێی پێوەری زیرەک و هاووڵاتی سەرپشکە لە رێکخستنی کات و رادەی بەکارهێنانی ئامێرەکانی بەپێی پێویستیی دارایی خۆی.

کەرتی پیشەسازی و داخستنی کارگەکان

لە تەوەرەی کەرتی پیشەسازیدا، عەلی حەمەساڵح مۆبایلەکەی دەرهێنا و تۆمارێکی دەنگیی خاوەن کارگەیەکی لە بەرنامەکەدا پەخش کرد، کە تێیدا خاوەن کارگەکە دەڵێت: "کارگەکەمان لە پیشەسازیی دوو داخستووە کە سەرمایەکەی 15 ملیۆن دۆلار بوو؛ بە کورد و بیانییەوە 190 کرێکارمان هەبوو، لەو 190 کرێکارە یەک نەفەرمان لا نەماوە و هەموان دەرکراون جگە لە پاسەوانەکە نەبێت".

عەلی حەمەساڵح گوتی: "بەهۆی نرخی کارەباوە بە دەیان کارگە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دادەخرێن؛ کارگەیەکی ریسایکڵین لە کەسنەزان 140 کرێکاری هەیە داخراوە، دەنگم بۆ هاتووە دەڵێ خۆزگە دەستم بشکایە کارگەکەم دانەخرایە، لە سلێمانی نەبووایە لە کەرکووک بووایە، کارەبام هەرزانتر و باجم کەمتر دەبوو. خەڵک ملیۆنان دۆلاری خۆی لە خۆشیدا ناکاتە سکراب! خاوەن کارگەکان لە هەولێر و سلێمانی روو لە کەرکووک و مووسڵ دەکەن چونکە تێچوو و رسوومات کەمترە. دەبێت حکومەت فریای کەرتی پیشەسازی و کارگە ناوخۆییەکان بکەوێت".

عەزیز ئەحمەد داوای کرد داتا و ناوی تەواوی ئەو کارگانەی پێبدرێت و گوتی: "پێکەوە سەردانیان دەکەین، کامێرای رووداویش لەگەڵ خۆمان دەبەین تا بە شێوازێکی زانستی بەدواداچوونی بۆ بکرێت. زیادکردنی نرخی کارەبا بۆ کەرتی پیشەسازی زۆر کەم بووە؛ تەعریفەی پێشتر 144 دینار بوو، ئەوەی زیادمان کرد تەنها 16 دینار بوو، واتە رێک 10٪ زیادمان کردووە. بۆ پیشەسازییە گەورەکانیش نرخەکە لە 120 دینارەوە کراوە بە 125 دینار، کە تەنیا 3٪ زیادیکردووە، بەڵام بەرامبەر ئەوە 24 کاژێر کارەبایان هەیە و بەرهەمیان زیاد دەکات."

عەزیز ئەحمەد لەبارەی بەراوردکردن لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق گوتی: "لە عێراق یەکەم کارەبای 24 کاژێری هەر نییە بۆ کارگەکان؛ دووەم، دوو هەفتە لەمەوبەر عێراق بڕیاری دا تەعریفەی پیشەسازی وەکو ئێمەی لێ بکات و نرخی لە 60 دینارەوە بۆ 120 دینار بەرزکردەوە."

لە کۆتایی ئەم تەوەرەدا، پێشکێشکار سەنگەر عەبدولڕەحمان دەستپێشخەرییەکی راگەیاند بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو لە بەرنامەیەکی مەیدانیدا تەواوی ئەو خاوەن کارگە، چێشتخانە و بازرگانانەی بەهۆی کارەباوە زیانمەند بوون کۆبکرێنەوە و لەگەڵ تیمی حکومەت رووبەڕوو دابنیشن. هەردوولا، عەزیز ئەحمەد و عەلی حەمەساڵح، رەزامەندیی تەواویان لەسەر ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوە مەیدانییە دەربڕی.

بڕینی کارەبا لەسەر قەرزی کۆن؛ هاوکاریی کەمدەرامەتان

عەلی حەمەساڵح رەخنەی توندی لە رێنماییەکانی وەرگرتنەوەی قەرزی کۆنی کارەبا گرت و گوتی: "تۆ بە هاووڵاتی دەڵێیت دەبێت قەرزە کۆنەکەش بدەیتەوە، ئەگەر نەیدەیتەوە کارەباکەت دەبڕم! لەم وڵاتەدا زیاتر لە 100 هەزار ئافرەتی بێهاوسەر هەن، مووچەکەیان تەنیا 100 هەزار دینارە و لە ساڵی 2015ـەوە هاوکارییەکەیان بڕاوە، کرێچین و منداڵی نەخۆشیان هەیە؛ پێم بڵێن ئەم ئافرەتە بێهاوسەرە کە 47 هەزار دیناری نییە بیدات و کارەباکەی لێ دەبڕن، لەکوێ ئەو پارەیە بهێنێت؟ پێی دەڵێن بڕۆ لە بەر دەرکی مزگەوت سواڵ بکە تاوەکو کارەبات بۆ چاک بکەینەوە؟".

لە بەرامبەردا، عەزیز ئەحمەد جەختی کردەوە کە حکومەت لە هاوکاریکردنی کەمدەرامەتان بەردەوامە و گوتی: "تاوەکو ئێستا لە شوێنێکی وەک هەڵەبجە کارەبای هیچ کەسێک نەبڕاوە. ئێمە دەزانین کە دەبێت هاوکاریی ئەم توێژانە بکرێت و حکومەت لەوەدا درێخی ناکات؛ هەر بۆیە تاوەکو ئێستا لە پڕۆژەی رووناکیدا 450 ملیار دینار داشکاندن بۆ هاووڵاتییان کراوە و لە ئایندەشدا دەستپێشخەریی زیاترمان دەبێت بۆ ئەوەی کەمدەرامەتان لە بارگرانی بپارێزرێن. حکومەت لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموو قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبای پێش 01-01-2023 دەرکردووە کە بە سەدان ملیار دینار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بووە لەگەڵ هاوبەشان."

سیستمی پێوەری زیرەک، پرسی "خەمڵاندن" و هەڵەی پسوولەکان

عەلی حەمەساڵح پرسیاری لە وردبینیی پێوەرە زیرەکەکان کرد و گوتی: "ئێوە پێتان وایە ئەم پێوەرە زیرەکە؟ هاووڵاتی هەیە چوار ساڵە لە ئەورووپایە و شوقەکەی داخراوە، کەچی پسوولەی 86 هەزار دیناری بۆ هاتووەتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی بە خەمڵاندن هەمان بڕی ماڵی تەنیشتی بۆ دانراوە! کابرا بۆ بیرێکی ئاو لە زستاندا دوو ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە لە کاتێکدا بەهۆی بارانەوە بیری بەکارنەهێناوە. هاووڵاتییەک 8 ساڵە خانووەکەی تەواو نەکردووە، مانگانە پسوولەی 128 هەزاری بۆ دەچێت. هاوڕێیەکی خۆم لە گوندێکی چۆمان مامۆستایە، هێشتا وایەری رانەکێشاوە و تەنیا سەعاتەکەی داناوە، کەچی 57 هەزاری بۆ هاتووەتەوە! هەروەها لە مانگی پێنجدا بۆ شوقەیەک 26 هەزار دینار هاتووە، لە مانگی شەش و حەوتدا بووەتە 914 هەزار دینار، خەڵک نازانێت چۆن حیساب دەکرێت چونکە لەسەر پسوولەکان نانووسرێت چەند کیلۆوات سەرف کراوە."

عەزیز ئەحمەد روونیکردەوە کە خەمڵاندن تایبەت بووە بە پێوەرە میکانیکییە کۆنەکان نەک زیرەکەکان و هەڵەکانی بە "کەم و سرووشتی" پێناسە کرد و گوتی: "زۆر ئاساییە لە سیستمێکدا کە سەرپەرشتیی 2 ملیۆن هاوبەش دەکات هەڵەی تێدابێت، بەڵام یەک دیناری هاووڵاتی نافەوتێت و هەر پارەیەکی زیادە وەربگیرێت بۆ مانگی داهاتوو دەگەڕێتەوە. نزیکەی 400 هەزار هاوبەش لە مانگی 1ی 2023ـەوە پسوولەیان بۆ نەچووە؛ ئەگەر بە یاسا بێت دەبوو پارەی هەمووی بەیەکەوە وەربگیرێت، بەڵام ئێمە خوێندنەوەی پێوەری زیرەک و میکانیکی بەراورد دەکەین و دوای لێخۆشبوونی 50٪ـی قەرزەکانیان، باقییەکەی دیکەیان بۆ دەکەین بە قیستی 36 مانگی."

عەزیز ئەحمەد مژدەی گۆڕانکاریی زیاتری راگەیاند و گوتی: "مانگی داهاتوو لەسەر پسوولەکان بە تەواوی ماوە و بڕی خەرجکردن دەنووسرێت تاوەکو هاووڵاتی بەراوردی بکات. هەروەها بەر لە دوو مانگی دیکە ئەپلیکەیشنی تایبەتی 'رووناکی' کارا دەبێت، کە هاووڵاتی راستەوخۆ و خولەک بە خولەک لە مۆبایلەکەیەوە دەزانێت چەند کارەبای سەرف کردووە و پارەکەی چەند دەکات."

کەرتی کشتوکاڵ و کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی هاوردە

عەلی حەمەساڵح تیشکی خستە سەر دۆخی جووتیاران و گوتی: "جووتیاری کوردستان لەگەڵ جووتیاری ئێران، کەرکووک و مووسڵ کێبڕکێ دەکات، لە کاتێکدا بەرهەمی کشتوکاڵی بە قاچاخ لە ئێرانەوە دێتە ناوەوە؛ ئەگەر کارەباشیان لەسەر گران بکرێت و پسوولەی خەیاڵییان بۆ بێتەوە، جووتیاری ئێمە چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت؟"

عەزیز ئەحمەد جەختی لە پاڵپشتیی کەرتی کشتوکاڵ کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: "بۆ کەرتی کشتوکاڵ تاوەکو ئێستا 50٪ـی پاڵپشتی بەردەوامە و تەعریفەی جووتیار 60 دینارە، واتە بە نیوەی نرخە. ئەگەر پێمان بکرێت هاوکاریی زیاتریشیان دەکەین، بەڵام پێویستە پسوولە و ژمارەی حیسابەکانمان پێبگات تاوەکو بە شێوەیەکی زانستی بەدواداچوونی بۆ بکەین."

کەرتی گەشتیاری و کێشەی هۆتێلەکان لە هەولێر

عەلی حەمەساڵح باسی لە ناڕەزایی خاوەن هۆتێلەکانی هەولێری کرد و رایگەیاند کە نرخی کارەبای گەشتیاری 186 دینارە، "هۆتێلەکان لەژێر گوشاری تووندی داراییدان، جگە لە کارەبا 16 جۆر باج و رسووماتی دیکە دەدەن. بە خاوەن هۆتێلەکانیان گوتووە 25٪ داشکاندنتان بۆ دەکرێت، واتە ئەگەر 50 ملیۆن دینار قەرزاری وەرە 37 ملیۆن و نیو بدە، کەچی دواتر پێیان گوتوون تەخمینەکە هەڵە بووە و 100 ملیۆن قەرزاری کارەبان، بەمەش بە ناوی داشکاندنەوە لەبری 50 ملیۆن، کراوەتە 75 ملیۆن دینار! ئایا بەم شێوەیە دەتوانن کار بکەن یان ناچار دەبن دایبخەن؟".

عەزیز ئەحمەد لە وەڵامدا داوای بینینی بەڵگە و ژمارەی حیسابەکەی کرد و جەختی کردەوە و گوتی: "تۆ کاخەزێکم پیشان دەدەیت ژمارەکەی لەسەر سڕاوەتەوە! من چۆن بەبێ بەڵگە و ژمارەی حیساب سەیری بابەتەکە بکەم؟ کاتێک داتا و ژمارەکە دیار نییە، لەکوێ بزانم ئەو هۆتێلە بوونی هەیە، لەکوێیە و چەند خەرجیی هەبووە؟ پێویستە بە شێوازێکی زانستی بێینە سەر دۆسیەکان."

ناوچە شاخاوییەکان؛ کێشەی پێنجوێن و 15 ئەمپێر لە زستاندا

عەلی حەمەساڵح هۆکاری ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵکی پێنجوێنی دژی پڕۆژەی رووناکی روونکردەوە و گوتی: "لە پێنجوێن خۆپێشاندان کرا و رێگری لە پڕۆژەی رووناکی کرا چونکە لەو ناوچە ساردە لە زستاندا 15 ئەمپێری پێویستە، 15 ئەمپێریش دەکاتە 2,370 کیلۆوات، ئەگەر هیتەر دابگیرسێنن مانگانە سەرووی 250 بۆ 300 هەزار دیناریان بۆ دێتەوە؛ خەڵکەکە هەژارە، نەوت بە 150 هەزارە و ناتوانن بیکڕن، کارەباش بەو نرخە پێیان نادرێت. ئەم حکومەتە چارەسەری چییە بۆ ئەو ناوچانە؟"

عەزیز ئەحمەد لە وەڵامدا گوتی: "پێش هەموو شتێک پڕۆژەی رووناکی هێشتا نەگەیشتووەتە پێنجوێن. پێشتر ئەو شوێنانە بەهۆی نەبوونی پێوەر کارەبایان زۆر زیاتر بەفیڕۆ دەدا و خەرجیی مۆلیدەشیان زۆر بوو. لە سیستمی نوێدا ماڵێک ئەگەر 15 ئەمپێری مۆلیدەی هەبووایە، بە 10 هەزار حسابی بکەیت دەکاتە 150 هەزار، مەحاڵە لە پڕۆژەی رووناکیدا 300 هەزاری بۆ بێتەوە. بۆ ناوچە ساردەکانیش ئێمە دەستپێشخەریی تایبەتمان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕێی بڕیارین تاوەکو بارگرانییان کەم بکرێتەوە."

مقاسەکردنی کارەبا بە پاشەکەوتی مووچە؛ نەبوونی نەختینە (سیولە)

پرسی مقاسەکردنی پارەی کارەبا بە پاشەکەوتی مووچە یەکێکی دیکە بوو لە ناکۆکییە سەرەکییەکان. عەلی حەمەساڵح گوتی: "بۆچی مقاسە ناکەن؟ بۆ نموونە مامۆستایەک حکومەت 28 ملیۆن بۆ 30 ملیۆن دیناری پاشەکەوتی قەرزارە، ئەگەر ئەم پارەیە مانگانە بە کارەبا لێی نەبڕدرێت کەی تەواو دەبێت؟ لە کاتێکدا ئەگەر ئەو مامۆستایە 43 هەزار دینار قەرزی کارەبای لێ بێت کارەباکەی دەبڕن! حکومەت دەڵێت پارەم نییە پاشەکەوت بدەمەوە، ئەی ئەگەر هاووڵاتی پارەی نەبوو چی بکات".

عەزیز ئەحمەد لە وەڵامدا گوتی: "ئەو مووچەیەی نەدراوە ئیلتیزامی حکومەتە و رۆژێک لە رۆژان دەبێت بدرێتەوە، بەڵام ئێستا نەختینە (سیولە) نییە. زۆرینەی ماڵان قەرزی کارەباکەیان کەمترە لە 150 بۆ 200 هەزار دینار و کۆی گشتیی قەرزی کارەبای هاووڵاتییانیش ناگاتە مووچەی یەک مانگی فەرمانبەران، هەموو هاوبەشێکیش مووچەخۆر نییە. هەروەها کارەبای هیچ ماڵێک لەسەر 40 یان 50 هەزار نابڕدرێت و ماوەی 80 رۆژ مۆڵەت دەدرێتە هاوبەشان بۆ پێدانی پارەی پسوولەکانیان".

'هەژماری من'؛ مشتومڕ لەسەر سیستمی مۆدێرنی بانکی 

لە تەوەری کۆتایی دیبەیتەکەدا، پرسی پڕۆژەی 'هەژماری من' تاوتوێ کرا. عەلی حەمەساڵح رەخنەی لە میکانیزمی پڕۆژەکە گرت و گوتی: "من لە گرنگیی سیستمی بانکی تێدەگەم، بەڵام چی روویدا؟ لە جیاتی ئەوەی وەزارەتی دارایی پارەکە راستەوخۆ بداتە فەرمانبەر، دراوەتە کۆمەڵێک بانکی ئەهلی کە قازانجی خۆیانی لێ دەکەن. جاران مامۆستا لە قوتابخانەکەی خۆی مووچەی وەردەگرت، ئێستا دەبێت بچێتە قەزاکان بەدوای ئامێری ATMـدا بگەڕێت؛ ئامێرەکە ئیش ناکات یان پارەی تێدا نییە، دەچێت لە بانکێکی دیکە دەریدەکات و عەمولەی لێ دەبڕن! لە هەڵەبجە، گەرمیان و قەزاکان کێشەی زۆر گەورە دروست بووە."

عەزیز ئەحمەد بەرگری لە سیستمەکە کرد و گوتی: "ئێمە تەنیا هەرێم بووین لە ناوچەکەدا کە مووچەمان بە کاش دابەش دەکرد، ئەمەش سیستمێکی کۆن، شکستخواردوو و بەسەرچوو بوو. ئامانجی ئێمە گێڕانەوەی سەربەخۆیی دارایی بوو بۆ هاووڵاتییان. پڕۆژەی 'هەژماری من' هێشتا تەواو نەبووە؛ تاوەکو مانگی سێی ساڵی داهاتوو لە تەواوی قەزا و شوێنەکانی وەک هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، ئاکرێ و ئامێدی ئامێرەکانی ATM دادەنرێن و خەڵک دەبنە خاوەنی خزمەتگوزارییەکە. ئەو بانکە ئەهلییانەش هەمان ئەو بانکەن کە لە پڕۆسەی تەوتینی عێراقیشدا بەشدارن و هیچ جیاوازییەکیان نییە."

لەبارەی ئاستی رەزامەندیی مووچەخۆران لەسەر هەژماری من، عەلی حەمەساڵح تەحەدایەکی خستەڕوو و پێشنیازی کرد: "با تۆڕی میدیایی رووداو راپرسییەک لە پەیجەکەی خۆی بۆ مووچەخۆران دابنێت تاوەکو بزانین چەند کەس لە سیستمی هەژماری من رازین و چەند کەس ناڕازین."

عەزیز ئەحمەد ئەم پێشنیازەی رەتکردەوە و لە بەرامبەردا پێشنیازێکی دیکەی خستەڕوو: "نەخێر، لە پەیجی فەیسبووک چۆن دەزانیت کێ مووچەخۆرە و کێ مووچەخۆر نییە؟ دەستێوەردان دەکرێت. ئێمە سێ مانگ جارێک لە رێگەی لایەنی سێیەمی بێلایەنەوە راپرسی و راپۆرت ئامادە دەکەین؛ تۆ خۆت بڕۆ لەسەر شەقام لە خودی مووچەخۆران بپرسە بزانە بەم سیستمەی ئێستا رازین یان بە شێوازی کۆنی دابەشکردنی پارە بە کاش؟"

 


بابەتی پەیوەندیدار

پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە
کوردستان20-10-2026

پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە

خستنەڕوو زۆرە و خواست کەمە، پێشبینی هەرزانبوونی بەنزین دەکرێت
کوردستان19-10-2026

خستنەڕوو زۆرە و خواست کەمە، پێشبینی هەرزانبوونی بەنزین دەکرێت

لە جوانڕۆ لەسەر نۆرەی ئاودێری شەڕ روویدا و کەسێک کوژرا
کوردستان19-10-2026

لە جوانڕۆ لەسەر نۆرەی ئاودێری شەڕ روویدا و کەسێک کوژرا

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە